بەڕەڤان شاكر
زۆر پێناسەی جیاواز بۆ زمان دەکرێن، بەڵام بە گشتی زمان ئامرازێکە بۆ لێکتێگەیشتن، ئەمە جگە لەوەی زمان وەک ناسنامەیەکە بۆ نەتەوە و گەل، کورد وەک نەتەوە خاوەن زمانی تایبەت بە خۆیەتی، زمانی کوردی یەکێکە لە زمانە زیندووییەکانی جیهان، مینورسکی پێی وایە(هەموو زار وبنزارە بەجێماوەکانی زمانی کوردی لە زمانێکی کۆن و پڕ هێز سەرچاوەیان گرتووە کە ئەویش زمانی مادییەکانە)، لە ئاستی جیهاندا زمانی کوردی لە پێشەنگی زمانە زیندووەکانی جیهاندایە، لە کۆی ئەو (٧١٠٢) زمانەی ئەمڕۆ لە جیهاندا هەیە (٦٠٠٠) زمان کە قسەی پێدەکرێت مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە، لە نێو ئەم ژمارە زۆرەی زماندا، زمانی کوردی لە رێزبەندی زمانە پارێزراوەکاندایە، لەو شەش ئاستەی کە یۆنسکۆ بۆ پاراستنی زمانی داناوە، زمانی کوردی لە رێزبەندی ئاستی یەکەمدایە بۆ پاراستنی زمانەکان، لە ئێستادا زمانی کوردی خاوەن کۆدی (١٤٣)یە لەناو(٣٤٢) زمانی زیندووی جیهاندا کە لەلایان دەزگای جیهانی (ETS)ەوە بە فەرمی ئاماژەی پێکراوە، ئەمە جگە لەوەی زمانی کوردی لە نێوان کۆی ئەو (٨٨-١٠٠) زمانەی لە (%٨٠)ی دانیشتوانی زەوی قسەی پێدەکەن.
زانیمان لە ئاستی جیهاندا زمانی کوردی زمانێکی زیندوویە و لە ئاستی زمانە هەرە پارێزراوەکانە، بەڵام لێرەدا پرسیارێک دێتە پێش ئایا چ وایکردووە ئەم زمانە بە زیندووی بمێنێت؟
دەزانین لە بەرەبەیانی زووی مێژوودا کورد وەک نەتەوە هەبووە وخاوەن زمانی خۆی بووە، بەڵام لەم چەند سەد ساڵانەی دواییدا دوژمنانی کورد هەوڵیانداوە کورد نەهیڵن، جا یەکێک لەو بابەتانەی دوژمن زۆر هەوڵیدا بۆ نەهێشتنی زمانی کوردی بوو، بۆیە دوژمنانی گەلی کورد چەندین رێگای گرتە بەر بۆ نەهێشتنی زمانی کوردی، جا چ بە قەدەغەکردنی نووسین و خوێندن بێت یان قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی رۆژنامە وگۆڤار بێت، تەنانەت دوژمن پەنای بردووتە بەر قەدەغەکردنی قەسەکردن بەزمانی کوردی، بەڵام هەموو ئەمانە نەیانتوانی زمانی کوردی لەناو ببەن، چونکە لە بەرامبەردا گەلی کورد خەباتی کردووە بۆ پاراستنی زمانی خۆی، نەوە دوای نەوە ئەو زمانەیان پاراستووە، بە بۆچوونی من ناوەندی باڵا بۆ پاراستنی زمانی کوردی گوندەکانی کوردستان بوونە، خەڵکی گوندەکانی کوردستان زیاتر کاریان بە زمانی کوردی کردووە، خەمی پاراستنی زمانی خۆیان بوونە، ئەمە جگە لەوەی لە مزگەوت و حوجرەکانی گوندەکان مەلایان و ئەدیبان رۆڵیکی گەورەیان هەبووە لە پاراستنی زمانی کوردی.
نامەوێت بچمە ناوەڕۆکی شێوەزار و زاراوە و بن زارەکانی زمانی کوردی، چونکە دابەشکاری بۆ شێوەزار و زاراوەکانی زمانی کوردی بەپێی زانستەکان دەگۆڕێت، ئەو دابەشکارییەی زانستی کۆمەڵناسی بۆ زمانی کوردی دەکات جیاوازە لەگەڵ دابەشکاری زمانی زانستی زمانناسی یان جوگرافیایی، بەڵام هەموویان لەسەرە ئەوە کۆکن زمانی کوردی زمانێکی زیندووی خەڵکی کورستانە.
زمان بەردەوام لە پێشکەوتن و گۆڕانکاریدایە، ئەگەر زمان بەپێی کات و سەردەم خۆی نەگۆڕێت ئەوا زمان دەکەوێتە بەر هەڕەشەی زمانێکی تر یان چەند زمانێکی تر، زۆرێک لە زمانەکان نەیانتوانیووە خۆی لەگەڵ پێشکەوتن و گۆڕانکارییەکاندا بگونجێت ئەوا لەناو چووە و مردووە، بەڵام ئەوەی زمان بە هێز دەکات و بە زیندووی دەهێڵێتەوە بواری ئەدەب و قسەپێکردنە، لە ڕووی مێژووییەوە زمانی کوردی دەوڵەمەندە بە ئەدەب، نووسەران و شاعێران لە کۆنەوە خەمێکی زۆریان لە زمانی کوردی خواردووە، نوسین و شیعرەکانیان بە زمانی خۆیان نوسیووە، ئەمە لە ئێستادا بووتە دەوڵەمەندبوون و پاراستنێک بۆ زمانی کوردی، چونکە زمان بە نووسین هەڵدەکشێت و پێش دەکەوێت.