زاری كرمانجی-مێرگەسۆر:
ڕاگری پەیمانگەی تەكنیكی مێرگەسۆر، دەڵێ: جگە لە كردنەوەی دوو بەشی گرنگ كە بۆ یەكەمجارە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكرێنەوە، هەوڵدەدەین چەند سەنتەرێك بكەینەوە، بۆ ئەوەی سەرنجی توێژەران ڕابكێشین بۆ ناوچەكە بۆ ئەوەی توێژینەوەی زانستی ئەنجام بدەن.
د. تالب شێروانی، ڕاگری پەیمانگەی تەكنیكی مێرگەسۆر، بۆ زاری كرمانجی گوتی: پەیمانگەی تەكنیكی مێرگەسۆر، هەوڵدەدات ساڵ بە ساڵ فراوانتر بێت، ئێستا سێ بەش لە خۆدەگرێت، ئەمساڵ دوو بەشی دیكەی زانستی دەكاتەوە، وەكو تایبەتمەندی دەڤەرەكە و پێداویستی دەڤەرەكە بەتایبەتی هەلی بازاڕی كار بۆ دەرچووانی ئێمە، پاش هەوڵ و هیمەتێكی زۆر بۆ ئەمساڵ دوو بەشی گرنگ لەسەر ئاستی عێراق دەكرێنەوە، ئەویش بەشی ڕووەكە پزیشكەكان لەگەڵ بەشی پەروەردەكردنی هەنگ.
ڕاگری پەیمانگەی تەكنیكی مێرگەسۆر، دەشڵێ: لەچوارچێوەی ڕۆئیای سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی، ئەمڕۆ بازاڕی كوردستان لە بواری كشتوكاڵی پێشكەوتنی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، ئەمڕۆ كەسانێك هەن حەز دەكەن لەو بوارەدا شارەزا بن و پەرە بە تواناكانی خۆیان بدەن، دەرچووانی ئێمە لەو دوو بەشانەی كە دەكرێنەوە دەتوانن لەگەڵ كەرتی تایبەت و كەرتی گشتی كار بكەن، لە هەمان كاتدا دەرچووانی ئەو بەشانە دەتوانن ببنە خاوەن پڕۆژەی خۆیان، ئەوەش وا دەكات كە هەلی كار بڕەخسێت، لە هەمانكاتدا كەسێكی شارەزا و ئەكادیمی بێت لەو بوارەی كە كار دەكات.
د. تالب شێروانی، ڕاگری پەیمانگەی تەكنیكی مێرگەسۆر، ئاشكراشی كرد: پلانێكی باشمان هەیە لە داهاتوودا ئەگەر ئیمكانیەت هەبێت دەتوانین سەنتەرێكی توێژینەوەی زانستی بكەینەوە لە بواری توێژینەوەی زانستی تایبەت بێت بە ڕووەك و گوڵ و گوڵزار كە لە دەڤەری بارزان هەن بۆ ئەوەی بۆ چارەسەری نەخۆشی بەكاربهێن، لە هەمان كاتدا لە هەوڵداین سەنتەرێكی فلۆرا بكەینەوە بەناوی كوردستان، بۆ ئەوەی ئەو گوڵ و گوڵزارانەی هەن بپارێزین و سەرنجی توێژەرانیش ڕابكێشین بۆ ناوچەكە بۆ ئەوەی توێژینەوەی زانستی ئەنجام بدەن.