زاری کرمانجی – سۆران :
دوای ئەوەی لە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە ئاگر بەربووە چیای زۆزک و لە رێگەی تیمەکانی بەرگری شارستانی و پۆلیسی ژینگە و هاووڵاتییانەوە چەند جارێک کوژێندرایەوە، ئەمڕۆ بۆ دڵنیابوونەوە لە کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ئاگرە تیمێکی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران لە بەرزاییەکانی سەرتیزەوە چاودێری چیای زۆزکیان کردووە.
کاروان میرئاوەدەلی، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران بە زاری کرمانجی راگەیاند” ئەمڕۆ بەیانی کاتژمێر ٧لەبەرزاییەکانی چیای سەرتیز بەرامبەر چیای زۆزک، بەمەبەستی دڵنیابونەوەمان لەکۆتای هاتنی ئاگرە گەورەکەی چیای زۆزک لە دەڤەری سۆران کە ماوەی (٣)ڕۆژی خایاند بۆ (٣)جار لەهەڵمەتی کۆنتڕۆڵکاری و ماندوبوونی زۆرکارمەندانمان و ئەفسەرەکانمان ،کە زیاتر لە(١٥٠)کارمەند بەشدار بوون بەهاوکاری براو هاویشەکانمان لە ئەفسەران و کارمەندانی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی دارستانی سۆران و بنکەکانیان هەروەها چەند هاووڵاتییەکی دڵسۆزی گوندی گوان وگوندی سیتکان، سوپاس بۆخوا لە کۆتاییدا کۆنتڕۆڵکرا”.
بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران ئاماژەی بەوەشدا ” بۆ ماوەی (٧٢)کاتژمێر کارکردنی تیمەکان ، ئەگەرچی زیانێکی زۆری ژینگەی هەبووە، بەڵام ڕێگربووین لە زیانی زۆری ژینگەیی و ماددی بۆ جوگرافیای دیاری کراو،وێرای ماندوبوونی زۆر بۆ کارمەندان و مەترسی کێڵگەی لوغم و تەقەمەنی و زۆری خێرایی باو بەرزی چیاو گەورەیی ئاگرەکە، لەو ڕووداوەدا (٤)کارمەندمان بەسووکی زامدار بوون.
































































