زاری كرمانجی-مێرگەسۆر:
بەرپرسی ناوەندی وەرزش و لاوانی مێرگەسۆر، ڕاگەیاند، بەپێی ئەو ئیمكانیاتەی كە لە بەردەستی ئێمەیە بەردەوام هاوكاری گەنج و لاوانی سنووری قەزای مێرگەسۆر دەكەین. دەشڵێ: لەو مانگەدا پێنج خولی جۆراوجۆرمان كردوونەتەوە، لە مانگی نۆش چەند خولێكی دیكە دەكەینەوە.
هێرش ڕەشید، بەرپرسی ناوەندی وەرزش و لاوانی مێرگەسۆر، بۆ زاری كرمانجی گوتی: لەو مانگەدا پێنج چالاكی جۆراوجۆرمان ئەنجام داوە، یەكێك لەوانە خولێكی تێنسی سەرمێز بوو كە كۆتا هاتووە، خولێكی تۆپی پێ بوو ئەویش كۆتایی هاتووە، ئێستا سێ خولی دیكەمان لەبەر دەستە و ئێستا بەڕێوەدەچن، لەوانە خولێكی تۆپی پێی بۆ فەرمانگەكانی سنووری مێرگەسۆر كە 12 فەرمانگە بەشدارن، خولێكی كۆمپیۆتەر، لەگەڵ خولێكی دروومان كە زیاتر لە 50 ئافرەتی سنوورەكە تێدا بەشدارن ئەوەش بە هاوكاری دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەڕێوەدەچێت.
بەرپرسی ناوەندی وەرزش و لاوانی مێرگەسۆر، دەشڵێ: لە مانگی نۆ چەند خولێكی دیكە دەكەینەوە، یەكێك لەو خولانە خولێكی تائێرەیە بۆ گەنج و لاوانی سنوورەكە، ئەو خولە لەسەر ئاستی ئیدارەی سۆرانە و ئەو تیپانەی دەرەوەی قەزای مێرگەسۆریش دەتوانن بەشداری بكەن، لە هەمانكاتدا خولی كۆمپیۆتەر و خولی دروومان لە ناحیەی پیران دەكەینەوە.