زاری کرمانجی-سۆران:
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، 69 هەزار و 409 زیارەتکار لەڕێگەی دەروازەکانی حاجی ئۆمەران باشماخەوە بۆ بەشداریی کردن لە چلەی(ئیمام حوسەین) هاتوونەتە نێو خاکی هەرێمی کوردستان و لەوێشەوە گوازراونەتەوە کەربەلا.
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، تا ئێستا ١٨ ملیۆن و ٧٨٥ هەزارو ٣٣ کەس، زیارەتکار لە سنوور و فڕۆکەخانەکانەوە، بۆ بەشداریی لە چلەی ئیمام حوسەین هاتوونەتە عێراق. لە کۆی ئەو زیارەتکارانەش، 69 هەزار و 409 یان لە دەروازەکانی سنووری حاجی ئۆمەران و باشماخەوە دەرباز بوون، کە 39 هەزار و 57 یان لە حاجی ئۆمەران و 30 هەزار و 352ـی دیکەش لە دەروازەی باشماغەوە بووە.
لێژنەی باڵای هاتنی زیارەتکاران بڵاوی کردەوە، پێنج شەممەی ڕابردوو 22ئابی 2024، شاندێکی بالیۆزخانەی ئیران لە بەغدا بە سەرۆکایەتی قلی پور ملحقی، سەردانی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانیان کردووە، بۆ لەنزیکەوە ئاگادار بوون و هەڵسەنگاندنی ئامادەکارییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پێشوازیی لە زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسین و گەڕانەوەیان لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران.
پێشتر گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، 3500 کۆستەریان بۆ گواستنەوەی زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسەین ئامادە کردووە کە لە ئێران و ئازەربایجانەوە لە دەروازەی سنووریی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانەوە دێنە نێو هەرێمی کوردستان.
دیلان ڕەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندووە: ”بە سەرپەرشتی لیژنەیەكی باڵا بۆ ڕێكخستن و گواستنەوەی زیارەتكاران، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییەكان لە سنووری هەولێر و سۆران، هەموو هۆكارێکی گواستنەوەی زیارەتکارانی ئێرانی و ئازەربایجانیان بۆ چلەی ئیمام حوسەین لە ئەستۆ گرتووە.