موڕشید برادۆستی – سیدەکان:
ئەمڕۆ یەکشەممە, تۆپخانەکانی تورکیا بەمەبەستی لێدان و کردنە ئامانجی پارتی کرێکارانی کوردستان ” پەکەکە ” بە هەڕەمەکی گوند و ئاواییەکانی دەڤەری برادۆست لە سنووری ئیدارەی سۆرانی تۆپباران کرد و بەو هۆیەوە ئافرەتێک بە سەختی بریندار بوو .
کاروان فەیسەڵ، بەڕێوەبەری بنکەی تەندروستی سیدەکان، بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند:” ئافرەتێک بە ناوی ” شەرمین ئەسعەد ئیسماعیل ” تەمەن 30 ساڵان بە برینداری گەیێندرایە نەخۆشخانەکەمان و بەشێک لە لای چەپی جەستە و دەستی چەپی بریندار ببوو, بەپەلە چارەسەری سەرەتایی بۆ کرا و بەهۆی سەختی برینەکەی ڕەوانەی سۆران کرا .
بەڕێوەبەری بنکەی تەندرووستی سیدەکان, دەڵێت:” ئافرەتەکە دانیشتووی سیدەکانە و بە میوانداری چووتە گوندی تاڵستا, لە ئەنجامی تۆپبارانی تورکیا بە سەختی بریندار بووە .
شارهدێی سیدەكان كەوتۆتە سێگۆشەی سەر سنووری نێوان كوردستان، توركیا و ئێران، خاوەنی 250 گوندە زیاتر لە 100 گوندی بەهۆی بوونی پەكەكە و بۆردمان و تۆپبارانەكانی وڵاتانی دراوسێ ئاوەدان نەكراونەتەوە و لە 20 ساڵی رابردوو بەهۆی پەكەكە و توركیا لە دەڤەری برادۆست دەیان كەس بوونەتە قوربانی.