پشتیوان كەریم- زاری كرمانجی:
بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران لە بارەی ڕووداوی ئاگرەكەی شەوی رابردووی چیای زۆزك بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” تا ئێستا هیچ كەس دەستگیر نەكراوە، بەڵام ئەگری هەیە بە دەستی ئەنقەست ئەم ئاگرە كرابێتەوە و پێمان وایە بابەتەكە دروستكراوە ساڵانە لە چەند شوێنێكی دیاریكراو ئاگر ڕوو دەدەن.
عەقید كاروان میراودەلی هێمای بۆ ئەوەشكرد:” هەوڵەكانمان بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی ئەم دەستەیە، دوای ئاشكرابونی كەسەكان پۆلیسی دارستان وژینگەی سۆران بە پێی یاسا لێپێچینەوە ئەنجام دەدات، كە ڕووبەری سووتانی پوش و دارستانی چیای زۆزك 150 بۆ 200 دۆنم مەزەندە دەكرێت”.
ئەوەشی خستەڕوو:” لە رێگەی 14 تیمی سەر بەبەڕێوەبەرایەتیمان نزیكەی 70 كارمەند و پۆلیسی ژینگە پارێزی و خەڵكەكە توانرا ئاگرەكە كۆنترۆل بكەن، داواش لە هاووڵاتییان و خۆبەخشان دەكەین لەئەگەری رووداوی ئاگركەوتنەوە بێ ئاگای ئێمە ڕوو لە شوێنەكە نەكەن، تا تیمەكان دەگەن لە پێناو پاراستنی گیانیان و دۆزینەوەی هۆكارەكەی.