بەختیار سەباح -زارى کرمانجى:
پێش دەستپێکردنەوەى دەوامى زانکۆى سۆران، بەشە ناوخۆییەکان بەسەر قوتابییان دابەش دەکرێن و بەرێوەبەرى بەشە ناوخۆییەکانى زانکۆى سۆرانیش دەڵێت: ” ئەمساڵ میکانیزمى دابەشکردنى بەشە ناوخۆییەکان جیاواز دەبێت”.
عەبدوڵلا شێرکۆ، بەڕێوەبەری بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆی سۆران لەمبارەیەوە بە زارى کرمانجى ڕاگەیاند: ” بەهۆی نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتى و فریاگوزاری، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى بەرگری شارستانی سۆران دوای بەدواداچوون وهەڵسەنگاندن، پێنج بەشە ناوخۆیى چۆڵکراون، بۆیە دلنیایى سەدا سەد دەدەینە قوتابییان، بە ھاوکاری بەڕێوەبەرایەتى بەرگری شارستانی سۆران، لە تەواوى باڵەخانەکان ھەموو مەرجەکانی تەندروستی و سەلامەتی جێبەجێ کراون”.
هەروەها گووتیشى: ”ئەمساڵ میکانیزمی دابەشکردنی بەشە ناوخۆییەکان جیاوازدەبێت بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو، پلانمان داناوە لە نوێ دەست بە دابەشکردنەوەی بەشە ناوخۆییەکان بکەین، چونکە ئەو قوتابییانەی ساڵى رابردوو لە بەشە ناوخۆییەک بوون، لەوانەیە ئەمساڵ چۆڵ کرابێ، دەبێت دابەشی سەر بەشە ناوخۆییەکانی تریان بکەین”.
پتر روونیکردەوە، ساڵى ڕابردوو ٢ هەزارو ١١١ قوتابى لە ٣٣ بەشە ناوخۆیى بوون، بەڵام ئەمساڵ ٢٨ بەشە ناوخۆیمان هەیە، لەوانە ١١ بەشە ناوخۆیى کوڕان و ١٧ بەشە ناوخۆیى کچان، ئەو قوتابییانەى ساڵى رابردوو دەرچوون، ئەمساڵ قوتابییانى قۆناغى یەکەم دێنە بەشە ناوخۆییەکان و کار لەسەر وەرگرتنى ئەوان دەکەین.
عەبدوڵلا شێرکۆ، ئاماژەى بەوەشکرد، خشتەى دابەشکردنى بەشە ناوخۆییەکان، بە گوێرەى فاکەڵتییەکان دەبێت، واتە رۆژانە فاکەڵتییەک یان دوو تەواو دەکرێن، بۆ ئەوەى لۆد لەسەر ئێمەو کەسوکاری قوتابییان دروست نەبێت و لە چاوەڕوانی نەمێننەوە.
باسى لەوەشکرد، ئەوەى کراوە کارێکى ئاسان نەبووە، بەڵام بە ھاوکاری پ. یاریدەردکتۆر رزگار، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ، بۆ کاروباری قوتابیبان، کۆبوونەوەکی لەگەڵ گشت خاوەن باڵەخانەکان ئەنجامدا، تەئکیدی لەسەر پاراستنی گیانی قوتابییان کردەوە و گووتى: ”گیانی یەک قوتابی بۆ ئێمە گرینگترە لە بوونی باڵەخانەیەکی بێ مەرجی سەلامەتی، ئەمەش وایکرد بێ گوێدانە ھیچ کەسێک ھەر باڵەخانەیەک مەرجەکانی تێدا جێبەجێ نەکرێت، چۆڵ کراون”.