زاری كرمانجی-دیانا
شەوی سێشەممە 20ـی ئابی 2024، بە ئامادەبوونی هەڵگۆرد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و پاتریارک مار ئاوای سێیەم پاتریارکی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لە جیهان، قەشە یەترۆن قەشەی کەنیسەی مار کیورکیس، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سۆران و بەرێوەبەری ئەوقافی سۆران، بەرێوەبەری ناحیەی دیانا مەراسیمی کردنەوەی هەشتەمین ڤێستیڤاڵی ڕۆشنبیری و وەرزشی کەنیسەی مار کیورکیس لە شارۆچکەی دیانا بەڕێوەچوو.
هەژار حەكیم بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندیەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە زاری كرمانجی گووت ” لە سەرەتای مەڕاسیمەکەدا وتەی بەخێرهاتن لەلایان قەشە یەترۆن قەشەی کەنیسەی مار کیورکیسی دیانا پێشکەش کرا، پاشان پاتریارک مار ئاوای سێیەم پاتریارکی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لە جیهان وتارێکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.
دواتر هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە وتارێکدا هەبوونی مار ئاوای سێیەمی بە بەهێزبوونی پێکەوەژیانی پێکهاتەکان، لە هەرێمی کوردستان وەسفکرد و خۆشحاڵی خۆشی دەربڕی بە ئامادەبوونی کەسایەتی ناوبراو لە چاڵاکییەکانی خوشک و برایانی ئاشووری لەم دەڤەرە کە چەندین گەنج و لاو لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دەوروبەر بەشدارن.
هەروەها سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی:”هەرێمی کوردستان شانازی بەوە دەکات کە نموونەیەکی جوانی پێکەوە ژیانی پێشکەش بە جیهان کردووە، دەڤەری سۆرانیش وەک نموونەیەک لەناو هەرێمی کوردستان شانازی بەوە دەکات کە مێژوویەکی پر لە سەروەری هەبووە، بۆیە بە هەوڵ و هیمەتی سەرکردایەتی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو پێکەوە ژیانە ڕۆژ بە ڕۆژ پتەوتر دەبیت”.