مەنسور سبحی – زاری كرمانجی :
سەرەڕای بوونی دەیان شوێنی گەشتیاری و چەندین هوتێل و موتێل، بەڵام تا ئێستا ئوتێلی پێنج ئەستێرەی بوونی نییە لە سۆران.
بارزان محەممەد بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران، لە بارەی بوونی هۆتێل و موتێل لە قەزای ناوەندی سۆران بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” لە سەنتەری سۆران چوار هۆتێل هەن و هیچ مۆتێلێك لە سەنتەری شارەكە بوونی نییە و ئەم هۆتێلانەش توانای پێشوازی كردنی نزیكەیی 550 گەشتیاریان هەیە، هەروەها لە دەرەوەی سۆرانیش ژمارەیەكی زۆری هۆتێل و مۆتێل هەن، كە دەتوانن رۆژانە پێشوازی لە نزیكەی 3000 گەشتیار بكەن.”
بارزان گوتی : ” تەواوی هۆتێل و مۆتێلی ناوچەكە لە ژێر چاودێری و پشكنینی لیژنەكانی سەر بە بەرێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سۆران دان.”
لە بارەی ئوتێلی پێنج ئەستێرەیی بارزان گووتی : تا ئێستا هیچ ئوتێلێكی پێنج ئەستێرەیی لە قەزای ناوەندی سۆران نییە.”
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران باس لە پرۆژەیەكی گرنگی گەشت و گوزاری دەكات كە ئێستا لەواری جێبەجێكردندایە و دەڵێ:” پرۆژەیەكی گەشتیاریی لەسەر رێگای جوندیان كەوتووەتە بواری جێبەجێ كردنەوە، كە خۆی لە دروستكردنی 33 هۆتێل و كافتریا و چێشتخانە دەبینێتەوە و بە تەواوبوونی ئەم پرۆژەیە، گەشتوگوزاری سۆران، دەچێتە قۆناخێكی نوێ و گەشەسەندنی زیاتر.”