مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دەستەی دەستپاكی عێراق، دەیەوێت لە ڕێگەی پۆلیسی نێودەوڵەتیی ئینتەرپۆلەوە وەزیری پێشووی نەوت دەستگیر بكات.
مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو، دادگەی عێراق ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری پێشووی نەوتی، بە تێوەگلانی بە دۆسیەی “دزی سەدە” تۆمەتبار كرد و بەو هۆیەوە بڕیاری دا دەست بە سەر تەواوی سامانەكەیدا بگیرێت .
ماڵپەڕی “السومریە نیوز”ی عێراقی، بڵاوی كردەوە “وەزیری پێشووی نەوت، جگە لە تێوەگلانی لە دۆسیەی دزیی سەدە (68) دۆسیەی گەندەڵی تریشی لەسەر كراوەتەوە.”
لە مانگی 10ی 2022 دۆسیەی دیار نەمانی 2.5 ملیار دۆلارەكەی بانكی ڕافیدەین كە بە “دزی سەدە” ناوبراوە، ئاشكرا كرا و ژمارەیەك بەرپرسی باڵا و گەورە بازرگانی عێراق تێوەگلاون .































































