داوا دەکەن شوێنێکى تایبەتیان بۆ دیارى بکرێت
”ئەوانەى ناویان تۆمار کراوە، تەنیا دەتوانن بەشەو کار بکەن”
بەختیار سەباح-زارى کرمانجى:
دەستگیڕو عارەبانچییەکانى بازاڕى سۆران، نیگەرانن لە لایەنە پەیوەندارەکان و داوا دەکەن شوێنێکى تایبەتیان بۆ دیارى بکرێت، تا ئێستەیش لایەنى پەیوەندارداواکارییەکەى ئەوانى جێبەجێ نەکردووە.
زارى کرمانجی بەدواداچوونێکى لەسەر ئەو بابەتە کردووە، کە دەستگێڕو خاوەن عەرەبانەکانى ناو بازاڕى سۆران نیگەران لە ڕێگریکردن لە کارکردنیان و داوایان لە لایەنى پەیوەندار کردووە، کە شوێنێکى تایبەتیان بۆ دیارى بکرێت و لە یەک شوێن کۆبکرێنەوە، بۆ ئەوەى چیتر ڕێگریان لێ نەکرێت.
لاى خۆیەوە کازم جوبرائیل، سەرۆکى لیژنەى شەقام و شۆستەکان، لە سەرۆکایەتى شارەوانى قەزاى ناوەندى سۆران بە زارى کرمانجى ڕاگەیاند: ”چەندین دەستگێڕو خاوەن عارەبانە ناویان لەلای ئێمە تۆمارکراوە، بەڵام ئەوانە تەنیا دەتوانن بە شەو کار بکەن، ئەوانى دیکە جێگیر نین و شوێنیان دیار نییە”.
دەستگێڕوعارەبانچیەکانى بازاڕى سۆران، باسیان لەوەکرد، لایەنى پەیوەندارهۆکارى رێگرى کردن بۆ قەرەباڵغى بازاڕ دەگەڕێنەوە، کەچى ئەم گرفتە چەند ساڵێکە بەردەوامەو چارەسەر نەکراوە. لەناو بازاڕى سۆران سەدان دەستگێڕوعارەبانچى هەیە، تا ئێستە شوێنێکی تایبەتیان بۆ دیاری نەکراوە، بەردەوام بۆ بژێوى ڕۆژانەى ژیانیان دەسوڕێنەوە.
































































