مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیی گەنجێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، كە بەسەر پشتی ورچە كوژراوەكەی چۆمان دانیشتووە و یاری بە گوێیەكانی دەكات، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سۆران دەڵێ “سكاڵا لەسەر ئەم گەنجە تۆمار دەكەین.”
هەژار ماهیر بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سۆران بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند “دوای بڵاوبوونەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆیە، قسەمان لەگەڵ قایمقامیەت و بەشی پۆلیسی قەزای چۆمان كرد، بۆ ئەوەی بە زووترین كات ئەو گەنجە دەستگیر بكرێت،”
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سۆران ئاماژە بەوەش دەكات كە بە هۆی نەبوونی هۆبەی یاسایی لە فەرمانگەی ژینگەی ئیدارەی سۆران، ناچارن پەنا بۆ هۆبەی یاسایی فەرمانگەی ژینگەی هەولێر ببن تاكوو سكاڵاكە لەسەر ئەو گەنجە تۆمار بكەن و دەشڵێت “ئێمە لە كاتێكدا كە پەرۆشین بە كوشتن و لە ناوبردنی ئەو ورچە دەگمەنەی ناوچەكە، كەچی كەسانێك دێن بۆ لایڤێكی تیك تۆك یان بۆ خۆدەرخستن، بەو شێوەیە سووكایەتی بە لاشەكەی بكات، ئەمە جێگەی قبووڵكردن نییە و دەبێت ئەو گەنجە لە ڕووی یاسایییەوە سزای خۆی وەربگرێت.”
ڕۆژی 13ـی ئاب، وێنەی لاشەی ورچێكی كوژراو لە كوێستانەكانی وێزەی باڵەكایەتی بڵاو كرایەوە و بۆ ڕۆژی هەینی چەند تیمێكی بەرگری شارستانی سۆران لاشەكەیان هێنایە خوارەوە و نێرراوە بۆ هەولێر تا مۆمیا بكرێت و دواتر بگەڕێنرێتەوە چۆمان و لە شوێنێك دابنرێت .