مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی:
لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا نزیکەی ٢٠ منداڵ و مێردمنداڵی کوردی دانیشتووی گوندی “نێ” سەر بە شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای ئەو شارەوە بانگ کراون و لێپرسینەوە و هەڕەشەیان لێکراوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاوی کردەوە لە ڕۆژی سێشەممە تا پێنجشەممەی هەفتەی ڕابردوو، لانی کەم ٢٠ منداڵ و مێردمنداڵی دانیشتووی گوندی “نێ” کە تەمەنیان لە نێوان ١٣ تا ١٨ ساڵ بووە لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای مەریوانەوە بانگ کراون و بۆ ماوەی چەند کاتژمێر لێپرسینەوە و هەڕەشەیان لێکراوە.
باوکی یەکێک لە منداڵەکان بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە «ئەو منداڵانە بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ چالاکیی تەبلیغی بۆ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکومەت بانگ کراون و هەڕەشەیان لێکراوە و دواتریش لەلایەن ئەو هێزانەوە ئازار دراون.”