مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دوای ئەوەی گەنجێكی كۆڵبەری دانیشتووی خورماڵ، لەلایەن هێزە سنوور پارێزەكانی عێراق كوژرا، گرژی لە نێوان خەڵكی ناوچەكە و پاسەوانی سنوور دروست بوو .
دوێنێ یەكشەممە 18ـى ئاب، ئارام خەلیل دانیشتووی خورماڵ لە كاتی كۆڵبەریدا لە دەروازەی سنووریی سیپە لەلایەن هێزەكانی پاسەوانی سنوورەوە تەقەی لێكراو و دواتر بە هۆی سەختی برینەكەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا .
بەم هۆیەوە شەوی ڕابردوو گرژی لە نێوان دانیشتووانی گوندی دەرەی مەڕ لە ناوچەی هەورامان و هێزەكانی سنوور پارێزی عێراق دروست بوو، دواتر خەڵكی گوندی ناوبراو هێرشیان كردە سەر بارەگای پاسەوانی سنوور و ئاگریان تێ بەردا
بەپێی سەرچاوە هەواڵییەكانی ناوچەكە تا ئێستا ڕەوشی ناوچەكە ئارام نەبووەتەوە .