مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
یەكێك لە سەركردە و ئەشكەنجەدەرە گەورەكانی سەر بە حزبی بەعسی پێشوو كە بە دراكولا (خوێنمژ) ەكەی ڕژێمی بەعس ناسرابوو دەستگیركرا .
خەیروڵڵا حەمادی عەبد جابرۆ، لە ساڵی (1970) ەوە تا ڕووخانی ڕژێم، چەندین پۆستی هەبووە و بە یەكێك لە جەلادەكانی كورد و شیعە ناو دەبرا و لە نێوان ساڵانی 1972 تا 1976 بەڕێوەبەری هەر یەك لە ئاسایشی (دەربەندیخان، دوكان ، زاخۆ، دهۆك) بووە و دواتریش بووەتە ئەفسەری لێكۆڵینەوە لە لقی سێ تایبەتمەند لە پرسەكانی كورد/ئاسایشی بەغدا.
فازڵ ئەبوو ڕەغیف، شارەزای بواری ئەمنی، لە نووسینێكی دا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس ئاشكرای دەكات ئاسایشی نیشتمانیی عێراق یەكێك لە گەورەترین “سەركردە ئەشكەنجەدەرەكانی” ڕژێمی بەعس، لە دەرەوەی وڵات دەستگیر كرد، كە تۆمەتبارە بە كوشتنی سەدان هاووڵاتی كورد و شیعە لە ناوچە جیاوازەكانی كوردستان و عێراق.”
شارەزاكەی بواری ئەمنی ئەوەش دەڵێ “خەیروڵڵا بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ بەشداریی لە سەرپەرشتیكردنی لەسێدارەدانی هاووڵاتییانی مەدەنی كردووە و ئەو كەسە بووە كە سەرپەرشتی گرتن و بڕینی دەستی بازرگانانی كردووە و یەكێكیش بووە كە بەردەوام كچە قوتابییەكانی زانكۆی ڕفاندووە و دواتریش بە جۆرەها شێوە ئەشكەنجەی كردوون.”