شەهلا ڕەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕی گیادەرمان، دەڵێت” هەر گیراوەیەك كە لە تۆڕەكۆمەڵاتییەكان دەیبینن تكایە لە خۆتانەوە بەكاری مەهێنن، مەرج نییە ئەمە سوودی هەبێت جاری وا هەیە تووشی كارەسات دەبیت.
د. بەدر سورچی، پزیشكی پسپۆڕی گیادەرمان و مامۆستای زانكۆ، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند” زۆرجار لە تۆڕەكۆمەڵاتییەكان ڕێكلام بۆ گیراوە سروشتییەكان دەكرێت، كۆمەڵە كەسێكیش بێ ئەوەی گوێ بە لایەنە تەندروستییەكەی بدەن بەكاری دەهێنن، مەرج نییە ئەم جۆرە دەرمانە یاخود گیراوەیە ڕاست بێت، جاری وا هەیە ئەو كەسەی بەكاری دەهێنێت تووشی كارەسات دەبێت، تەنانەت بۆتە هۆكاری شێواندنی ڕووخسار و شووشتنەوەی گەدە لە هەندێك كەس.
ئەم پزیشكە پسپۆڕە، ئاشكراشیكرد” ئەوەی كە ئاماژەمان پێكرد تەنها بۆ گیراوەكان نییە، بەڵكو كۆمەڵە شێفێكیش لە ئێستادا دەركەوتوون چەندین جۆر شت تێكەڵ دەكەن لەنێو خواردنەكان گوایە خۆش و بەتامە، تەنانەت ئەمانەش زۆرجار تووشی كارەسات دەبن، بۆیە هەوڵبدەن خۆتان بەدوور بگرن لە بەكارهێنانی ئەو شتانەی زانیاری تەواوتان لەسەر نییە، چونكە تێكەڵكردنی هەر گیراوە و دەرمانێك جا بۆ خواردن بێت یاخود بەكارهێنان ئەوا زانستی دەوێت.