عەبدولڵا ڕەحمان عەلی
قوتابی قۆناغی چوارەمی بەشی پەیوەندیە نێودەوڵەتییەكان لە زانكۆی سۆران
سەرەتا دەمەوێت ئاماژە بە شتێك بكەم كەوا زۆر لام گرینگە ئەمیش ئەوەیە كە ئەگەر بمانەوێت لێكدانەوە بۆ هەر بابەتێك بكەین بەراستی گرینگە لەرووی مێژووەوە بابەتەكە لێك بدەینەوە یاخود شی بكەینەوە. چونكە بڕوام وایە “بە لێكدانەوەی مێژوو دەتوانین پێش بینی داهاتوو بكەین” بۆیە لێرەدا دەمەوێت بە قوڵی لە ڕووی مێژووەوە باس لە بابەتەكە بكەم لە ژێر ناونیشانی ” بۆچی ئەمریكا و وڵاتە زلهێزەكانی ئەورووپا پشتگیری ئیسرائیل دەكەن” بە هیوام كە بتوانم كۆمەڵێك زانیاری بەسوود و گرینگ بدركێنم بۆ هەموو ئەوانەی بەدوای وەڵامێكی گونجاو دروست دەگەڕێن لە بارەی ئەم بابەتە:
مێژوویەك هەیە زۆر گرینگە كە لە ڕاستیدا مێژووكەی دەگەڕێتەوە بۆ ماوەیەكی زۆر، شتێك كە دەبێت لەبیرمان بێت ئەوەیە كە زایۆنیزمی مەسیحی هێزێكی زۆر بەهێزبوو كە مێژووە كەی دەگەڕێتەوە زۆر پێش زایۆنیزمی جوولەكە. لە ئینگلتەرا بە تایبەتی زایۆنیزمی مەسیحی هێزێكی بەهێز بوو لە نێو نوخبەی بەریتانیادا. بە تایبەتی دوای راگەیاندنی ” جاڕنامەی بالفور” لە بەریتانیا. كەواتە با بزانین جاڕنامەی بالفور چیە؟ جاڕنامەی بالفور بەیاننامەیەكی گشتی بوو كە لە ساڵی ١٩١٧ لە كاتی جەنگی جیهانی یەكەمدا لەلایەن حكومەتی بەریتانیاوە بڵاوكرایەوە و پشتگیری خۆی بۆ دامەزراندنی ماڵێكی نیشتمانی بۆ گەلی جولەكە لە فەلەستین ڕاگەیاند، كە ئەوكات خاكێكی عوسمانی بوو و دانیشتووانی كەمینەی جولەكە بوو. و بۆ پشتیوانی بەریتانیا لە كۆلۆنیالیزەكردنی جولەكەكان لە ئیسرائیل. لێرەدا گرینگە ئەوە بزانین كە بەشێكی گەورەی كولتوری نوخبەی بەریتانی پابەندیی هەرشتێك بوو كە لە “كتێبی پیرۆزەوە ” ئاماژەی پێكراوە مە بەستمان لە كتێبی پیرۆز واتە هەرشتێك كە لە ” ینجیل یان بایبڵ ” ئاماژەیی پێكرا بێت. لە ئەمریكاش بەهەمان شێوەی بەریتانیا . “وودرو ویلسۆن ” مەسیحییەكی زایۆنیزم بوو كە هەموو ڕۆژێك كتێبی پیرۆزی دەخوێندەوە. تۆماس وودرو ویلسۆن سیاسەتمەدار و ئەكادیمی ئەمریكی بوو و لە ساڵی ١٩١٣ تا ١٩٢١ وەك بیست و هەشتەمین سەرۆكی ئەمریكا كاری كردووە . “هاری ترومان” بە هەمان شێوە. هاری ئێس ترومان ٣٣هەمین سەرۆكی ئەمریكا بووە و لە ساڵی ١٩٤٥ تا ١٩٥٣ كاری كردووە. كە ئەویش پەیڕەوی” زایۆنیزمی مەسیحی ” دەكرد. وە لە كاتی حكومڕانی “فرانكلین دی ڕۆزڤێڵت ” كە ئەویش٢٦ مین سەرۆكی ئەمریكا بوو”هارۆڵد ئیكس ” كە ئەو كات وەزیری ناوخۆی ئەمریكا بوو لە سەردەمی حكومڕانی فرانكلین دی ڕۆزڤێڵت. قسەیەكی كرد وتی، ” گەڕانەوەی جولەكەكان بۆ فەلەستین گەورەترین ڕووداو لە مێژوودا ڕوویدابێت”
هەروەها ئاماژەی بەمەش كرد كە لە كۆتایدا ئەوەی لە ” كتێبی پیرۆزەوە ئاماژەی پێكراوە لەبارەی جولەكەكان بەدی هات كە ئەمیش گەرانەوەی جولەكەكان بۆ خاكی خۆیان ” كەواتە خاڵێكی گرینگ كە لێرەدا دەبێت بیزانین ئەوەیە كە ئەمانە هەریەك لە بەریتانیا وە لەگەڵ ئەمریكا ئەو دوو وڵاتەنە بوون پشتگیریی خۆیان بۆ جولەكەكان دەكرد جونكە پەیڕەویی ” زایۆنیزمی مەسیحیان دەكرد” وە هەرشتێك كە لەلایە ” ینجیل یاخود بایبڵ ” ئاماژەی پێكرابا ئەنجامیان دەدا.
هەروەها ئەگەر بە وردی سەرنج بدەین ئەمە بەشێكە لە “كۆلۆنیالیزم” واتا داگیركردنی نەتەوەیەك یان دەوڵەتێك وە دەكرێ بڵێن ئەمە دوا قۆناغی كۆلۆنیالیزمی ئەوروپا بوو. لێرەدا ئەگەر سەرنج بدەین دەبینین ئەو وڵاتانەی كە بەشێوەیەكی زۆر بەهێز پشتگریی ئیسرائیل دەكەن تەنها ئەمریكا نیە بەڵكو، ئوسترالیا و كەنەدا و وە هەروەها بەڕیتانیا. كەواتە لێرەدا ئەگەر بە وردی وردبینەوە لە مێژوویی ئەو وڵاتانەی كە ناومان هێنان لە پشتگیریی كردنی ئیسرائیل، دەبینین هەر یەك لەم وڵاتانە “كۆمەڵگایی كۆلۆنیالیزمن ” واتا داگیركارن، واتا ئەو وڵاتە یان نەتەوەیەی كە دەكەوێتە ژێر كۆنترۆڵی نەتەوەیەكی بیانی دیكە، بە كۆلۆنی ئەو وڵاتە باڵادەستە ناسراوە. ئەمەش پێی دەوتڕێت ” كۆڵۆنیالیزم ” وە كۆمەڵگا كۆلۆنیالیزەكراوەكان كە تێیدا نەك وەك هیندستان یان نەك وەك ئینگلیزەكان لە هیندستان، بەڵكو دەكرێ بڵێن باشووری ئەفریقا، كەمێك بەم شێوەیە بوو، یان جەزائیر لە ژێر فەرەنسییەكان. هەروەها گرنگترین شت لێرەدا ئەوەیە كە بیزانین كە واتە ئەم “دەوڵەتە كۆڵۆنیالیزمانە” یان داگیركەرانە ، بە بنەما ئاینییەكانەوە پاڵپشتی دەكران كە لەلایەن زایۆنیزمی مەسیحییەوە دەجووڵێنرێن دران . هەر نەتەوەیەك كە لە پێشتر داگیریان بكردابایە دانیشتوانی رەسەنیان لە ناو دەبرد بۆ ئەوەی هەژموونی خۆیان بە تەواوی بسەپێن بەسەر نەتەوە كە یاخود وڵاتە داگیر كراوەكە. وەك دەبینین ئەمڕۆ چۆن ئیسرائیل دەیەوێت كلتوری خۆی بسەپێنت بەسەر فەلەستینەكان و دانیشتوانە رەسەنەكانی لەناو ببات لە ڕێگەی پشت بەستن بە ” دەوڵەتە كۆلۆنیالیزمەكان ” كە لەسەرە ئامەژەمان پێكردوون. كە ئەمەش خاڵی دووەمە كە نیشانی دەدات چۆن ” دەوڵەتە كۆلۆنیالیزمەكان ” پشتگیریی دەوڵەتێكی كۆڵۆنیالیزم دەكەن كە ئەویش ” ئیسرائیلە “.
هەروەها هۆكاری جیۆستراتیژی بەرچاویش هەن، ئەگەر بگەرێنەوە ساڵی ١٩٤٨ لەو ساڵە دا “ئەمریكا” بۆ چوونی جیاوازی هەبوو لەسەر دروستكردنی دەوڵەتی ئیسرائیل. نیگەران بوو لەوەی كە ئەگەر پشتگیری دەوڵەتی ئیسرائیل بكات ئەوا رەنگە ببێتە هۆی لە دەست دانی بەرژەوەندییەكانی لە گەڵ وڵاتانی عەرەبی و لەدەستدانی دەستڕاگەیشتن بە نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەر بۆیە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بە توندی پابەند نەبووە بە رامبەر داگیركاری ئیسرائیل لە فەلەستین. بەڵام خاڵە گرینگەكە ئەوەیە كە نابێت لە بیری بكەین ئەویش ئەوەیە كە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا زۆر سەرسام بوو بە توانای سەربازی ئیسرائیل.وە هەروەها سەركەوتنە سەربازییەكانی ئیسرائیل. جگە لە مەش لەو كاتەدا سەرۆك ئەركانی هاوبەش كە بەرزترین ئەفسەری سەربازییە لە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا، ئیسرائیل بە دووەم گەورەترین هێزی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەسف كرد لە دوای توركیاوە. هەروەها ئیسرائیلیان بە بنكەیەكی ستراتیژی بە هیز بۆ دەسەڵات و كاریگەری ئەمریكا لە ناوچەكەدا زانی.
خاڵێكی تری گرینگیش ئەوەیە لە ساڵی ١٩٥٨ كاتێك قەیرانێكی جددی لە ناوچەكەدا ڕوویدا ئیسرائیل تاكە دەوڵەت بوو كە بە توندی هاوكاری بەریتانیا و ئەمریكای كرد و پشتگیرییەكی زۆری لەلایەن دەوڵەتە زلهێزەكانی ئەورووپا بە دەست هێنا، وە لەلایەنی سەربازییەوەش پشتگیری بەدەستهێنا. قەیرانی ساڵی ١٩٥٨ قەیرانی لوبنان بوو، كە ئەمریكا دەست تئ وەردانی كرد بۆ پشتگیریكردن لە حكومەتی لایەنگری ڕۆژئاوای لوبنان لە دژی نائارامی ناوخۆیی و كاریگەری ناسیۆنالیزمی عەرەبی. لەم قەیرانەدا ئیسرائیل یەكێك بوو لەو هاوپەیمانە ناوچەییەی كە هاوكارییەكی بەهێزی لەگەڵ ئەمریكا و بەریتانیا پێشكەش كرد، ئەمەش یارمەتیدەر بوو بۆ چەسپاندنی پەیوەندی ستراتیجی خۆی لەگەڵ زلهێزەكانی ڕۆژئاوا.
هە روەها لە ساڵی ١٩٦٧ ئەو كاتەی كە ئەمریكا پەیوەندیەكانی خۆی لەگەڵ ئیسرائیل بە تەواوی دامەزران ئەوەش بە هۆی ئەوەی ئیسرائیل خزمەتێكی گەورەی بە ئەمریكا كرد بە لەناوبردنی ناسیۆنالیزمی عەلمانی عەرەبی كە دوژمنێكی سەرەكی ئەمریكا بوو. لێرەدا شتێك كە سەرنجی راكێشام ئەویش ئەمەیە كە لە ماوەی شەڕی ئەم دواییەی “غەززەدا” كاتێك ئیسرائیل پێویستی بە “چەك” بوو . ئەمریكا بە خێرایی چەكی زیاتری بۆ ئیسرائیل نارد. كەواتە ئەمەش ئەوە دەردەخات كە ئەمریكا ئیسرائیل وەك هاوپەیمانێكی سەرەكی سەربازی دەبینێت. وە هەروەها پەیوەندی هەواڵگری بەهێز و درێژخایەن لە نێوان هەر دوولا دا هەیە. وە خاڵێكی تر گرینگ ئەوەیە میدیاكان بەزۆری پشتگیری لە سیاسەتەكانی حكومەت دەكەن بەبێ ئەوەی زۆر پرسیاریان لێ بكرێت.
بۆ نموونە ئەگەر لە شكركێشی ئەمریكا بۆ عێراق بە نموونە وەربگرین وەك نموونەیەك دەبینین كەوا میدیاكانی ئەمریكا بە دەگمەن بە داگیركردنی ئەمریكا لە عێراق ناوی دەبەن، هەرچەندە بە ڕوونی لەشكركێشی و كردەوەیەكی دەستدرێژیی جددی بوو بۆ سەر خاكی عێراق . بەڵام میدیاكان خۆیان لە بەكارهێنانی ئەم دەستەواژەیە بەدوور دەگرن، لە كاتێكدا لە دادگاكانی “نورنبێرگدا” بە تاوانێكی گەورەی نێودەوڵەتی وەسف كرا لە داگیركردنی دەوڵەتی عێراق لە لایەن ئەمریكا.” باڕاك ۆباما ” ئەو كەسەی كە ستایش دەكرێت بەهۆی دژایەتیكردنی ئەو لەشكركێشییە ئەمریكا ئەنجامی دا لە عێراق. بە هەڵە و بڕیارێكی ستراتیژی خراپ ناوی برد، هەروەها ئۆباما وتی، ئەو كردەوەی كە ئەمریكا لە دژی عێراق كردی ئەو كارە كێشەی لێدەكەوێتەوە. ئەمەش هاوشێوەی ئەو قسانەی ژەنەڕاڵە ئەڵمانییەكانە سەبارەت بە داگیركردنی ڕوسیا لەلایەن “هیتلەر” و بە هەڵەیەكی گەورە ناویان برد كە نەدەبوو هەرگیز ڕووبدات، بەڵام ئەم بۆ جوونانە لە لایەن” میدیا” هەرگیز قسەی لەسەر نەكرا. وە ئەگەر سەیر ڕابردوو بكەین دەبینین لە ” ڤێتنام ” هەمان شت ڕوویدا، ئێستا بۆنەیەكی گەورە هەیە كە ڕێز لە قوربانیدانی ئەمریكا دەگرێت لە ڤێتنام. بەڵام هەرگیز یەك وشەش نابیستین سەبارەت بە داگیركردنی ” ڤێتنامی باشور ” لە لایەن ئەمریكا وە كە هەرچەندە لە ساڵی ١٩٦١ ڕوویداوە.
كە لە ساڵی ١٩٦١ ئەمریكا دەستی كرد بە ناردنی ڕاوێژكاری سەربازی بۆ ڤێتنام باشوور. كە ئەمەش پێی دەوترێت “داگیركردن” چونكە سەرەتای بەشداریكردنی قورسی ئەمریكا بوو لە شەڕەكەدا. وە ئەمە تەنها لە ئەمریكا نییە لە بەریتانیاشدا هەمان شتە كە لە ئێستادا، مشتومڕ لە گۆڤارەكانی ئەدەبی بەریتانیادا هەیە، وەك لە گۆڤاری ئەدەبی تایمز، لەسەر ئەوەی كە ئایا بەریتانیا دەبێت دواجار دان بە سروشتی “جینۆسایدی” كۆلۆنیالیزمەكەیدا بنێت كە لە سەدان ساڵ لەمەوبەرەوە بووە. ئەو پرسیارەی كە دەكرێت ئەوەیە كە ئایا بەریتانیا دەبێت دەست بكات بە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم بەشەی مێژووی خۆی؟ وە تاوەكو ێستاش میدیاكان باس لە بابەتێكی لەم شێوەیە ناكەن كە بەریتانیا پێشتر ” جینۆسایدی” ملیۆنان خەڵكی سفیل كردووە . جگە لەمە خاڵێكی تر كە زۆر گرینگە دەبێت ئاماژەی پئ بكەم ئەویش ئەمەیە بۆچی زۆرجار ڕۆشنبیران تەنها شوێن ئەو شتانە دەكەون كە حكومەت یان كۆمپانیا گەورەكان دەیانەوێت؟ هەرچەندە حەز دەكەن خۆیان بە ئازا و ئامادەبووی تەحەدای دەسەڵات نیشان بدەن.
بەڵام بەزۆری وا نین. وە لەمەش گرینگتر ئەوەیە كە ئەگەر سەیری مێژوو بكەین، بەراستی دەبینین تەنها چەند كەسێك لە بەرامبەر ئەوانەی دەسەڵاتدارن وەستاونەتە وە زۆرجاریش لەسەری ڕووبەڕووی سزا بوونەتەوە. وە زۆربەی خەڵك تەنانەت ئەگەر بە تەواوی ئازاد و سەربەخۆبن ، لە كۆتاییدا پشتگیری حكومەت دەكەن ئەمەش كێشە یەكی تازە نیە بەڵكو كێشەیەكی لە مێژینەیە بەڵام پێویستی بە بەرەنگاربوونەوەی هەیە بۆ ئەوەی خەڵك ئاگادار بكرێتەوە لە میدییا و سیاسەتی دەوڵەت كە چۆن ئەم دووانە بە یەكەوە خەڵكیان ” گە وج ” كردووە. وە بە هەمان شێوە ئەوەی كە ” ئیسرائیل” ئەنجامی دا لەم دوایە بەرامبەر خەڵكی ” غەزە” كە هەزاران خەڵكی سفیلی ” جینۆساید ” كرد. بە ڵام وەك دەبینین كە ” میدیای رۆژئاوا وە ئەمریكا” چۆن خۆیان بێ دەنگ كردووە لەم كۆمەڵكوژیە. هۆكارەكەشی ئەمەیە كە باسمان كردووە لەسەرەوە كە وڵاتە زلهێزەكانی ئەورووپا وە بە تایبەتی ئەمریكا چۆن بە درێژایی مێژوو تاوە كو ێستا پشتگیریی ئیسرائیل دەكەن.
































































