مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بەپێی ئاماری ماڵپەڕێكی ئابووری، عێراق لە هاوردەكردنی مۆز لە ڕیزبەندی دووەم وڵاتی عەرەبی دێت كە تەنیا لە ماوەی ساڵێكدا بە بڕی 123 ملیۆن دۆلار مۆزی هاوردە كردووە .
ماڵپەڕی ستاتیستا تایبەت بە ئابووری و هەناردەكردن، ڕاپۆرتێكی لەسەر وڵاتانی عەرەبی بڵاو كردووەتەوە كە مۆز هاوردە دەكەن بۆ پڕ كردنەوەی پێداویستییە ناوخۆیییەكانیان، بە گوێڕەی ڕاپۆرتەكە وڵاتی سعوودیە پلەی یەكەمی گرتووە لە هاوردەكردنی مۆز و تەنیا لە ماوەی ساڵێكدا بە بڕی 191 ملیۆن دۆلار مۆزی هاوردەی وڵاتەكەی كردووە و دوای ئەویش عێراق بە پلەی دووەم دێت لە هاوردەكردنی مۆز و لە ماوەی ساڵێكدا 123 ملیۆن دۆلاری بۆ ئەم مەبەستە خەرج كردووە .
هاوكات بە پێی ئامارێكی ڕێكخراوی خۆراكی جیهانی “فاو”، مۆز دوای گەنم و برنج و گەنمەشامییەوە، بە چوارەم گرنگترین خۆراكی مرۆڤ دادەنرێت و وڵاتانی هیندستان یش لە سەر ئاستی وڵاتانی جیهان، بە یەكەمین وڵات دێت لە بەرهەمهێنانی مۆز و تەنیا لە ساڵی ڕابردوو بڕی بەرهەمهێنانی مۆز لەو وڵاتە گەیشتووەتە 34 ملیۆن تۆن.