سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند ” پرسیاری ئەوەمان لێدەكرێت بۆچی هیچ بەرپرسێكی باڵا سزا نادرێت؟ یاخود ئایا هیچ كەسێك نییە بەرپرسی باڵا بێت و دۆسییەی لەسەر بێت؟ بەڵێ هەیە و لە رابردودا زیاتر لە 100 كەس لە بەرپرسانی باڵای لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا كراوە و ژمارەیەكیش رەوانەی دادگاكان كراون”.
حاكم ئەحمەد سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند ” پرسی گەندەڵی چاوێكی زۆری لەسەرە و تاوانەكانی گەندەڵی تاوانن لە ئاست خەڵك و هەر تاوانێكیش دەرحەق بە مافی گشتی بكرێت هەمو خەڵك لێی زیانمەند دەبن، بۆیە پێویستە پڕۆسەی دادگاییكردنەكان خێراتر بكرێت”.
سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان روونیشیكردەوە” دەستەی دەستپاكی ژمارەیەكی زۆر كەم لێكۆڵەری هەیە و پڕۆسەی قورسی لێكۆڵینەوە لە دۆسییەكانی گەندەڵی بەڕێوە دەبات كە تەنها 21 لێكۆڵەر لە بەرامبەر كەرتی گشتی كە زیاتر لە 800 هەزار كارمەندی هەیە، ئەوەش نەك هەر ژمارەیەكی كەمە بەڵكو دەبێت لانیكەم پێنج هێندەی ئەو ژمارەیە هەبێت بۆ ئەوەی دەستەی دەستپاكی لە هەموو ناوچە و ئیدارە سەربەخۆكان هەبێت و كاری خۆی بكات.
حاكم ئەحمەد ئەنوەر گووتیشی “ساڵانە لە نێوان 200 بۆ 230 دۆسییە لێكۆڵینەوەی تیادا دەكەین، بەڵام پێموایە ئەگەر ساڵانە 10 بۆ 15 دۆسیە یەكلایی بكرێنەوە و سزای تووندی تیایدا دەربچن بەدڵنیایی تاوانەكانی گەندەڵی كەمتر دەكات”.
ئەو بەرپرسە زیاتر روونیكردەوە “پرسیاری ئەوەمان لێدەكرێت كە بۆچی هیچ بەرپرسێكی باڵا سزا نادرێت؟ یاخود ئایا هیچ كەسێك نییە بەرپرسی باڵا بێت و دۆسیەی لەسەر بێت؟ بەڵێ هەیە و لە رابردودا زیاتر لە 100 كەس لە بەرپرسانی باڵای لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا كراوە و ژمارەیەكیش رەوانەی دادگاكان كراون، كە ئەوە خاڵێكی گرنگە، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەوەی تێبینی دەكەین پڕۆسەی راگرتنی حوكمەكانە كە پێموایە لەناو رای گشتیدا روون نییە و تێناگەین لێی”.
“حاكم ئەحمەد لە بەشێكی دیكە قسەكانیدا گووتی ” تووندكردنەوەی حوكمەكان بەبێ غەدركردن لە كەس یان خوانەخواستە زەوتكردنی گەرەنتی تەحقیق خاڵێكی زۆر گرنگە، بۆیە دژایەتكردنی گەندەڵی ئەركێكی یاسایی و ئەخلاقییە و ئێمە دڵنیاین لە دڵسۆزی سەرجەم دادوەرەكان و هیچ گومانمان لە دڵسۆزی كەس نییە و خۆشمان لە كەس بەدڵسۆزتر نازانین و ئەركەكان یاسا دابەشی كردووە و هەركەسە و ئەركی خۆی دەبینێت”.