زاری كرمانجی-سۆران:
گوتەبێژی بارەگای بارزانی دەڵێت: ئێمە هەرگیز سازش لەسەر کوردستانیبوونی کەرکووک ناکەین. چونكه كەرکوک دڵی کوردستانە، هەروەک چۆن سازش لەسەر کوردستانیبوونی ناوچە کوردستانیەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ناکەین .
خالیدە خەلیل، گوتەبێژی بارەگای بارزانی لە پێگەی(ئێکس) بڵاوی کردەوە و دەڵێت: ناڕەزایەتی ئێمە لە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی نیشتمانی و جێبەجێکردنی ئەجێندایەکی سەیر و نامۆی ئەوتۆیە کە ئامانجی هێنانەکایەی کێشە و ناهاوسەنگیە .
دەشڵێت: ئێمە پێمان وایە کەسی پارێزگار دەبێت کوردێکی میانڕەو بێت، هەروەها دەبێت لایەنە کوردییەکانی تریش لەسەری ڕازی بن. بەهەمان شێوە ڕێککەوتن لەسەر سەرۆکی ئەنجومەن و جێگرەکەی بکرێت. جگە لە ڕازیکردنی هەموو ئەو پێکهاتانەی کە لە چوارچێوەی ئەو پارێزگایەدا پێکەوە دەژین هەریەکەو بە پێی ڕێژە و پێگەیان.
خالیدە خەلیل دەڵێت: ئەمانە پێویستن بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەباشی سەرکەوتوو بێت و ئامانجەکانی خۆی بهێنێتە دی، نەوەک سازش و قوربانی بە هەندێ ناوچەی دیکەی گرنگی کوردستانیەوە بکرێت. یان پێگە و پۆستەکانی کورد بفرۆشرێن بەمەبەستی ئەوەی ئەم پارێزگایە بخرێتە ناو ئەجێندای نامۆی ئەوتۆ کە هەندێ لایەن کاری بۆ دەکەن. دەڵێت: بەکورتی و پوختی “ئەوڕێککەوتنانەی بەشێوەی چەواشەکاری دەکرێن، درەنگ بێت یا زوو، چارەنووسیان تەنها شکستە .