زاری كرمانجی- ئەمڕۆ پێنج ساڵی تەواو تێپەڕی بەسەر كارەساتی ١٦ی ئۆكتۆبەری ساڵی ٢٠١٧، كە لایەنێكی سیاسی كوردستانی خیانەتی كردوو و حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەكان دەستیان بەسەر شاری كەركووكدا گرت و خەڵكی شارەكە ئاوارە بوون، تا ئێستاش بارودۆخی شارەكە ئاسایی نەبۆتەوە و رۆژبەرۆژ خراپتر دەبێت. چاودێرێكی سیاسییش دەڵێ، ئەوانەی بوونەتە هۆكاری خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەر پێویستە سزا بدرێن.
لە دوای ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە، كورد دەیان پۆستی لە دەست داوە هەموو پۆستەكانیش ڕادەستی عەرەب و توركمان كراون، ئێستا كورد هیچ پۆستێكی لە فەرمانگە حكوومییەكان لە دەستدا نەماوە.
ئێوارەی بەر لە شازدەی ئۆكتۆبەر، مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی لە دوكان كۆبوونەوە، سەرۆك بارزانی ئامادەی كۆبوونەوەكە بوو، یەكێتییەكان بەڵێنیان دابوو، پابەند دەبن بە بڕیاری سەركردایەتی سیاسیی كوردستانەوە، ئەم كۆبوونەوەیە دوای ئەوە هات، كە لە سەرەتای مانگی ئۆكتۆبەرەوە جموجۆڵی سوپا و حەشد بەرەو كەركووك بە وردی هەستی پێكرابوو.
كامەران شەوكەت، چاودێری سیاسی، بۆ زاری كرمانجی ئاشكرای كرد:” پێویستە لێكۆڵینەوەیەكی ورد بكرێت و ئەوانەی بوونەتە هۆكاری نانەوەی ١٦ی ئۆكتۆبەر پێویستە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت و سزا بدرێن، هەروەها دەبێ ڕەوشی كەركووك ئاسایی بكرێتەوە و ئیدارەیەكی مەدەنی بەڕێوەی ببات، نەوەك سەربازی، ئەو ئیدارەیە كورد و عەرەب و توركمان بەڕێوە ببەن و نابێ عەسكەر لە كەركووك دەستەڵاتی هەبێت و، حوكمی سەربازی كە ئێستا لە كەركووك هەیە، كۆتایی پێ بێت و، بە گوێرەی دەستوور چارەسەری كێشەی كەركووك و ناوچەكانی دیكەی كوردستان بكرێت.