”لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە حکومەتی هەرێم، کاردەکەین بۆ بەرزکردنەوەی سەقامگیری و ئاسایشی عێراق”
بەختیار سەباح -سۆران:
ئەمەریکا جەخت لە گرنگیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە شێوەیەکی ئازاد و دادپەروەرانە دەکاتەوەو پابەندی خۆیشی بە کارکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، ١٧ى ئابى ٢٠٢٤، ئەلینا ڕۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پۆستێکی لەبارەی کۆبوونەوەکانی ستیڤن بیتنەر لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان، بڵاوکردەوەو دەڵێت : ”ستیڤ بیتنەر لەگەڵ سەرکردەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جەختکردنەوە لەسەر گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە لە هەرێم کۆبووەوە”.
هەروەها نووسیویەتى، لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە حکومەتی هەرێم کاردەکەین، بۆ بەرزکردنەوەی سەقامگیری و ئاسایشی عێراق لە ڕێگەی پرۆسەی دیموکراسییەوە.
رۆژى پێنجشەممە، 15ى ئابى 2024، ستیڤن بیتنەر، کونسوڵی گشتیی نوێی ئەمەریکا لە هەولێر، بە جیا، لەگەڵ هەر یەک لە سەرۆک بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانى هەرێم کۆبووەوە.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ڕۆژی 20ى تشرینى یەکەمى2024، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە دەچێت.