درەنگانی شەوی ڕابردوو لە ناحیەی تەكیەی سەر بە قەزای چەمچەماڵ، بەهۆی شەڕی نێوان زاوایەک و ماڵە خەزورانی گەنجێک کوژرا.
رەمك رەمەزان قایمقامی قەزای چەمچەماڵ، ئەمڕۆ شەممە ١٧ی ئابی ٢٠٢٤ لە لێدوانێکدا بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە” درەنگانی شەوی ڕابوو لەسەر كێشەیەکی كۆمەڵایەتی شەڕ و دەمەقاڵێ لە نێوان زاوایەك و ماڵی خەزورانی دروست بووە”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئەنجامی ڕووداوەکە گەنجێک کوژراوە کە کوڕی خەزووری زاوایە.
ئەوەشی خستەڕوو، كوژراوەكە ناوی (ئالان تالیب خدرە)، تەمەنی (٢٣) ساڵە و پیشەی كاسب بووە و دانیشتوی ناحیەی تەكیەیە.
وتیشی” تائێستا بکوژەکە دەستگیرنەکراوە کە بۆ شوێنێكی نادیار هەڵاتووە و پەڕاوی لێكۆڵینەوەش بۆ رووداوەكە كراوەتەوە و فەرمانی دەستگیركردی دەرچووە”.