زارى کرمانجى:
چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاویان کردووەتەوە؛ هێزەکانی ئەمەریکا لە بنکەی سەربازی عەین ئەسەد، دەستیان بە مەشق و ئامادەکاریی بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی قورسی مووشەکی و درۆنی کردووە.
ئەمریکییەکان گومانیان وایە لە ماوەیەکی کەمی داهاتوودا، بنکەکە ڕووبەڕووی هێرشی فراوانی گرووپە میلیشیاکان دەبێتەوە.
ئامادەکارییەکانی بنکەی عەین ئەسەد لە کاتێکدایە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە نوێترین زانیاری سەبارەت بە وادەی کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزە بیانییەکان ڕایگەیاندووە، هەرچەندە نزیک بووینەتەوە لە ڕاگەیاندنی کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزە بیانییەکان، بەڵام بەهۆی پێشهاتەکانی ئەم دواییە، ڕاگەیاندنی کۆتایی هاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق دواخراوەو بڕیارە لە ئەیلولی 2025 بە فەرمی کۆتایی بە کارەکانی هاوپەیمانییەکە بێت.
هەروەها سەرچاوە ئاگەدارەکان ئاماژەی بەوەداوە، سەربازە ئەمریکییەکانی لە بنکەی عەین ئەسەد جێگیرن و دەستیان بە ڕاهێنان کردووە، وەک ئامادەکارییەکی پێشوەختە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێکی گرووپە میلیشیاکان، یان لە دەرەوەی عێراق هێرشی مووشەکیان بکرێتە سەر.