شەهلا ڕەشید- سۆران
بەڕێوەبەری مافی مرۆڤ لە سۆران، دەڵێت” سوالكردن بۆتە پیشەی بەشێك منداڵان و ئافرەتان لە ئیدارەی سۆران، كاری زۆریشمان لەسەر كردووە بۆ نەهێشتنی ئەم دیاردەیە، بەڵام لایەنە پەیوەندارەكان وەك پێویست هاوكار نەبوونە.
جەواد سوار، بەڕێوەبەری مافی مرۆڤ لە سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند” وەك دەستەی مافی مرۆڤ بۆ نەمانی دیاردەی سوالكردن لە ئیدارەی سۆران، كاری زۆرمان كردووە بە ڕاپۆرت، سمینار و وۆرك شۆپ، ئامانجیشمان ئەوەیە ئەم دیاردەیە بدەینە لایەنە پەیوەندارەكان، بۆ ئەوەی ڕێگری لێبكەن، بەڵام بە داخەوە تا ئێستاش ئەم حاڵەتانە هەر بەردەوامن، زۆرجار كێشە لە یاسایە و دەبێتە ڕێگر بۆ چارەسەركردنی، چونكە كاتێك كەسی سوالكەر دەستگیر دەكرێت و پێبژاردنەكەی تەنها 45 هەزار دینارە، ئەویش بۆ ماوەی سێ كاتژمێر سوالكردن دەتوانێت ئەم بڕە پارەیە بدات، بۆیە پێویستە لێپێچینەوەكان تووندتر بكرێن”.
گووتیشی” سوالكردن بۆتە دیاردەیەكی زۆر ناشرین لەنێو شار، تەنانەت ڕوویەكی ناشرینیش پیشانی ئەو گەشتییارانە دەدەن، كە ڕوو دەكەنە ئیدارەی سۆران، چونكە ئافرەت هەیە لە شارەكانی دیكەی هەرێم دێتە سۆران بۆ ئەوەی كەس نەیناسێت و لە سوالكردن بەردەوام بێت، سەرەڕای ئەوەش منداڵێكی ساوای لەگەڵە تەنها بۆ ئەوەی كاریگەری لەسەر خەڵك دروست بكات”.
جەواد سوار، ئاشكراشیكرد” ئەوانەی لەسەر شەقامەكانیش كار دەكەن مەرجیان هەیە، ئەگەر تەمەنیان سەرووی 18 ساڵ بێت ئەوا ڕێگەپێدراوە،بەڵام بە مەرجێك لە یاساكانی شارەوانی شوێنەكە ڕێگەپێدراو بێت، بەڵام ئەگەر تەمەنی لە خوار 18 ساڵی بێت، ئەوا بە هیچ شێوەیەك ڕێگەپێدراو نییە تەنانەت ئەگەر شوێنی كاركردنەكەشی گونجاو بێت، تەنها لەو حاڵەتەدا دەبێ كار بكات، كە بەخێوكەری ماڵەكە پەككەوتوو بێت و توانای نەبێت ئەمەش دەبێ لە ڕێگەی یاساوە بێت.