شەهلا ڕەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕی نەشتەرگەری ئێسك و شكان، دەڵێت” سڕبوونی دەست و گیرانی دەماری ناوەڕاستی یەكێكە لە حاڵەتە باوەكان، تایبەت لە خانماندا.
د. بڕوا دلشاد، پزیشكی پسپۆڕی نەشتەرگەری ئێسك و شكان، بڕبڕەی پشت و پێكانە وەرزشییەكان، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند” زۆرێك لە نەخۆشەكان كاتێ سەردانمان دەكەن تووشی حاڵەتی سڕبوونی دەست و دەمارگیرانی ناوەڕاست دەبن، جاری واش هەیە ناتوانن بۆ ماوەیەكی كەمیش بێت شتەكان بەدەستەوە بگرن بەهۆی خاوبوونەوە و ئازارەوە لەدەستییان بەر دەبنەوە، تەنانەت جاری واش هەیە درەنگانی شەو بەهۆی ئازارەوە لە خەو هەڵدەستن، زۆرجار هۆكارن بۆ نەخۆشییەكانی غودە، شەكرە و دووگیانی دەگەڕێتەوە، ئەم حاڵەتەش زیاتر لە خانماندا ڕوودەدات، بەڵام دەكرێت لەو پیاوانەش ڕووبدات كە كاری دەستی قورس ئەنجام دەدەن.
سەبارەت بە چارەسەری، ئەم پزیشكە ئاشكرای كرد” زۆربەی چارەسەرییەكان بە نەشتەرگەرییە، بەڵام سەرەتا هەوڵدەدەین كەسەكە بە لێدانی دەرزی و بەستنەوەی دەست چارسەر بكەین، ئەگەر گەیشتە ئەو حاڵەتەی نەشتەرگەری بۆ بكرێت ئەوا زۆر قورس نییە ئامێری تایبەت هەیە، هەروەها بە لێدانی دەرزی و سڕكەری بابەتی ئەنجام دەدرێت و برینەكەش زووتر چاك دەبێتەوە.