زاری كرمانجی-سۆران:
بەڕێوەبەری شەهیدان و ئەنفالكراوانی سۆران، دەڵێت: “ئەركە ئەنجام دەرانی 16ی ئۆكتۆبەر لە دادگای شەهیدان دادگای بكرێن، تا ببێتە پەندێك جارێكی دیكە ئەو خیانەتە گەورەیە دووبارە نەبنەوە.
ئەشقی مەلا، بەڕێوەبەری شەهیدان و ئەنفالكراوانی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند: ” پێویستە خیانەتكارانی 16ی ئۆكتۆبەر بكەونە سەر چۆك و داوای لێبوردن لە خانەوادەی شەهیدان بكەن، كە زۆڵم و خیانەتێكی بێ وێنە بوو لە خوێنی شەهیدان و پێشمەرگە و خاكی كوردستان كرا، زیاتر لە سەدەیەك دەبێت بە خوێنی رۆڵەكانی كوردستان بەرگری لە كەركووك و بست بە بستی خاكی كوردستان دەكرێت، بەڵام خاك فرۆشانی 16ی ئۆكتۆبەر لە پێناو بەرژەوەندی و دەستكەوتی تایبەتی خۆیان خاكی كوردستان و شەهیدانیان فرۆشت و دڵی هەزاران دایك و خیزانی شەهیدانیان بریندار كرد”.
دەشڵێت: ” ئەركە ئەنجام دەرانی 16ی ئۆكتۆبەر لە دادگای شەهیدان دادگای بكرێن و خانەوادەی شەهیدان داوای خوێنی رۆڵەكانیان بكەنەوە، تا ببێتە پەندێك جارێكی دیكە ئەو خیانەتە گەورانە بەرامبەر بە خاك و گەلی كوردستان دووبارە نەبنەوە”.