شەهلا ڕەشید- زاری كرمانجی:
بەڕێوەبەری بەشی نشینگەی سۆران، دەڵێت:” لە ماوەی ئەمساڵدا، لە سنووری سۆران نزیكەی هەزار كەس ئیقامەیان پێدراوە و كەسەكانیش جۆراوجۆرن و زیاترینیان كرێكارن.
عەقید عومەر سدیق، بەڕێوەبەری بەشی نشینگەی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” سێ جۆر ئیقامە هەیە كە دەدرێنە خەڵكی بیانی، ماوەكانیشی یەك ساڵ تا سێ ساڵە، ئەوانەی كە ئیقامەیان پێدەدرێن ئەو كەسانەن كە بیانین و لێرە ژیانی هاوسەرگیری پێكدەهێنن، هەروەها سیاسی و ئەوانەی بۆ كار كردن ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكەن، ئەوانەی بۆ یەكەمجاریش ئیقامە دەردێنن ماوەكەی یەك ساڵەو دەبێ هەموو ساڵ نوێ بكەنەوە، بەڵام ئەوانەی كە هاوسەرگیری دەكەن ماوەكەی سێ ساڵە.
بەڕێوەبەری بەشی نشینگەی سۆران، ئاشكراشیكرد:” لە ئێستادا بڕیارێك دەرچووە بۆ ئەو بیانیانەی سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن بۆ مەبەستی ئیش كردن، دەبێ 75% هاووڵاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بن و 25% كەسانی بیانی بن لە شوێنەكانی ئیش كردن، مەبەست لەم بڕیارەش ئەوەیە پێویستە گەنجەكانی خۆمان زیاتر لەوانی دیكە لە كارەكاندا بن، بۆیە هەر بیانیەك بۆ مەبەستی كاركردن بێتە هەرێم دەبێ ئێمە نووسراوی بۆ بكەین بۆ زەمانیە و لەوێش ئەگەر ناوی تۆمار كرا بەگوێرەی ئەو مەرجەی كە بڕیاری لەسەر درایە ئەوا دەتوانێت لێرە كار بكات، بۆ نموونە ئەگەر چوار كەس لە شیرنەمەنی كار بكەن پێویستە سێ لەوانە خەڵكی كوردستان بن ئەو كات دەتوانرێت ناوەكەی داخلی زەمانیە بكرێت.
گووتیشی:” لە سنووری سۆران 918 كەسی بیانی مۆڵەتی مانەوەیان پێدراوە، ئەوانەی ئیقامە وەردەگرن ئەگەر یەك ڕۆژ لەسەری تێپەر بێت و نوێ نەكاتەوە، ئەوا 20 هەزار دینار سزای پێبژاردن دەدرێت .