مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بەڕێوەبەرایەتی چاكسازی ژنان و منداڵان / هەولێر، سیمینارێكی لە بارەی بیرۆكەی بازرگانی و برەو پێدانی ئابووری و بازاڕگەری بۆ بەشێك لە نەوجەوانە سزادراوەكان ڕێكخست .
بەڕێوەبەرایەتی چاكسازی ژنان و منداڵان / هەولێر، ڕاگەیاند “بە پاڵپشتی ڕێكخراویGlobal Jothoor Foundation بۆ پەرەپێدانی بەردەوام لە عێراق، سیمینارێك لەلایەن ڕاهێنەر (بیلال سەید) ڕاوێژكار و ڕاهێنەری بزنس و بازاڕگەری و بە هەماهەنگی هۆبەكانی (هەماهەنگی و بەدواداچوون، منداڵان، گەنجانی پێگەیشتوو) سەبارەت بە (بیرۆكەی بازرگانی و برەو پێدانی ئابووری و بازاڕگەری) بۆ بەشێك لە نەوجەوانانی سزادراو ڕێكخرا.”
لە سیمینارەكەدا، هەر وەكوو لە ڕاگەیاندراوەكەی بەڕێوەبەرایەتی چاكسازی ژنان و منداڵان هاتووە “باس لە چۆنیەتی دۆزینەوە و پێویستییە هەنووكەیییەكانی كۆمەڵگا و گۆڕینی بۆ بیرۆكەی بازرگانی و بە بزنس كردنی بیرۆكان و قۆستنەوەی دەرفەتەكان و بەفیڕۆنەدانی كاتەكان كراوە بۆ نەوجەوانە سزادراوەكان، بەتایبەت كە ئێستا ئەوان لە چاكسازیدان و هەڵ و دەرفەتی باشیان لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی پەرە بە بیرۆكەكانیان بدەن تا ببنە خاوەن بزنس و كارێكی تایبەت بە خۆیان.”

































































