زاری كرمانجی – سۆران :
ماوەی چەند ڕۆژێكە، ورچێك لە سنووری قەزای چۆمانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كوژراوە و تا ئێستا بكوژەكەی دیارنییە و لایەنە پەیوەندی دارەكان بەدوای دەگەڕێن.
هەژار ماهیر بەرپرسی فەرمانگەی ژینگەی ئیدارەی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” بەهۆی نەبوونی بنكەی پۆلیسی دارستان و هێزەكانی پێشمەرگەی ژینگە لە قەزای چۆمان و نەبوونی چاودێریەكی چڕ، زۆر جار كەسانی نەناسراو، ڕاوی نایاسایی ئەنجام دەدەن و هەڵدەستن بە كوشتن و لە ناوبردنی ئاژەڵ و باڵندەی كێوی، ئەمەش وێڕای تێكدانی ژینگە لە هەمان كات كارێكی نایاساییە .
بەرپرسی فەرمانگەی ژینگەی ئیدارەی سۆران، دەڵێت:” لە ڕۆژانی ڕابردوو، لە ناوچەی پڕژێی دەڤەری باڵەكایەتی، ورچێكی ڕەنگ قاوەی كە لە هەرێمی كوردستان نمونەیان كەمە و تەنها لە چیای زاگرۆس ڕێژەی زۆری لێیە، لەلایەن كەسانی نەناسراو بە گولە كوژراوە كە پێشبینی دەكرێت ماوەی هەفتەیەك بێت كوژرابیێت بەهۆی ساردی شوێنەكە لاشەی تێكنەچووە.
لەلایەن قائیمقامیەتی چۆمان و پۆلیسی ناوچەكە لێكۆڵینەوە دەستی پێكراوە، بەڵام لەبەر سەختی شوێنەكە كە ڕێگەی ئۆتۆمبێلیشی نییە، نازانرێت كە چۆن كوژراوە و كێ كوشتوویەتی .
بەرپرسی فەرمانگەی ژینگەی سۆران، پێشنیاز دەكات، كە ورچەكە بەهەر شێوەیەك بێت لە چیایەكە بهێندرێـە خوارەوە و دەڵێت:” داوا دەكەین لە ناشناڵ پاركی هەڵگۆرد – سەكران لاشەی ورچەكە مۆمیا بكرێت و وەك سەروەتێكی نیشتیمانی لە ناشناڵ پاركەكە هەڵبگیرێت .
دووپاتی كردەوە، بێگومان هەر كاتێك بكوژی ورچەكە بدۆزینەوە، ڕاپێچی دادگا دەكرێت و ئیجرائاتی توندی لەگەڵ دەكرێت، تا چیتر هاووڵاتی خۆی نەبێتە هۆكاری تێكدانی ژینگە و سرووشت”.
































































