”ڕۆژ هەبووە زیاتر لە هەزار مریشک مرداربوونەتەوە”
بەختیار سەباح-زارى کرمانجى:
جۆرێکى نەخۆشى ڤایرۆسى لەناو کێلگە پەلەوەرییەکان بڵاوبووەتەوەو زیانى زۆرى بە خاوەن کێڵگەکان گەیاندووە.
رسول حمەدەمین شین، خاوەن کێڵگەیەکى پەلەوەرى لە دۆڵى ئاکۆیان لەمبارەیەوە بە زارى کرمانجى ڕاگەیاند: ” لەو ماوەیەدا جۆرێکى ڤایرۆس لەناو کێڵگە پەلەوەرییەکان بڵاوبووەتەوە، زیانێکى زۆرى پێگەیاندووین، ڕۆژ هەبووە زیاتر لە هەزار مریشک مرداربوونەتەوە”.
گووتیشى: ” جگە لەو ڤایرۆسەى بڵاوبووەتەوە، لەو ماوەیەدا نرخى مریشکیش دابەزى، ئەمەش هۆکارێکى دیکە بوو، کە خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان زەرەرى زیاتر بکەن، تا ئێستەیش هیچ هاوکارییەک نەکراوین بۆ ڕێگریکردن و لەناوبردنى ئەو ڤایرۆسە، بەڵکو خۆمان دەرمانى پێویستمان کڕیوە”.
لاى خۆیەوە زاهیر تاهر پزیشکى ڤێترنەرى و بەرپرسى بنکەى ڤێترنەرى ڕواندز، لەبارەى بڵاوبوونەوەى ئەو ڤایرۆسە گووتى: ” نەخۆشى ڤایرۆسى زۆرن، کە ساڵانە لەناو کێڵگە پەلەوەرییەکان بڵاودەبنەوە، بەڵام بە پلەى یەکەم هۆکارەکەى خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکانن، کە هیچ کات ڕێنماییەکان ڤێترنەرى جێبەجێ ناکەن، هەر کاتێک ئەو ڤایرۆسانە بڵاوبوونەوە، کۆنتڕۆڵکردنى ئاسان نییە”.
پتر روونیکردەوە، خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان، هەر کاتێک مریشک دەفرۆشن و کێڵگەکان بەتاڵ دەکەن، لە ڕووى زانستییەوە دەبێت تا ٤٠ ڕۆژ جووجکە نەکڕنەوە، بۆ ئەوەى کێڵگەکە بە دەرمانى دژە ڤایرۆس پاکبکەنەوەو ڤایرۆسەکە لەناوبچێت، بەڵام ئەوان ئەو ڕێنماییە جێبەجێ ناکەن، لەبەر ئەوەى مریشک داواکارى زۆرى لەسەرە، زوو کێڵگەکان پڕدەکەنەوە، ئەمەش هۆکارێکى دیکەیە بۆ بڵاوبوونەوەى زیاترى ڤایرۆسەکان.
د. زاهیر باسى لەوەشکرد، بەپێى مەرج و ڕێنماییەکانى وەزارەتى کشتوکاڵى حکومەتى هەرێم بۆ ساڵى ٢٠٢٤، دەبێ هەموو خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان، پزیشکى ڤێترنەرى سەرپەرشتیاریان هەبێت، بۆ ڕێنماییکردن و رێگەکردن لە بڵاوبوونەوەى نەخۆشییەکان، بەڵام زۆربەیان ئەوەش جێبەجێ ناکەن”.