جووتیارانی بەشێك لە گوندەكان، شەوانە پاسەوانی لە بەروبوومەكانیان دەكەن
مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بەراز، زیانێكی زۆری بە بەروبوومی كشتوكاڵی جووتیارانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گەیاندووە و بەشێك لە باخەوان و جووتیارانیش وازیان لە ڕەز و باخ و بێستانەكانی خۆیان هێناوە و بەراز هیچی بۆ نەهێشتوونەتەوە .
جووتیارانی یەكێك لە گوندەكانی سنووری قەزای ڕواندز، شەوانە ئێشكگری و پاسەوانی لە باخ و ڕەزەكانیان دەكەن، بۆ ئەوەی ڕەنجی ئەمساڵیان بەخەسار نەچێت .
مەغدید عەزیز جووتیارێكی گوندی (فەقیان) ی سنووری قەزای ڕواندزە، لە نێو باخەكەی (كاڵەك و گەنمە شامی و تەروزی) چاندووە، بەڵام بەراز هیچی بۆ نەهێشتووەتەوە و ناچار بووە دەستبەردارییان بێت .
مەغدید قسەی بۆ زاری كرمانجی كرد و گووتی “ئەمساڵ بەراز بە تەواوی جووتیارانی ناوچەكەی هەراسان كردووە و هیچ بەروبوومێكی بۆ ئێمە نەهێشتووەتەوە و چەندین كەسیش وازیان لە بێستان و باخەكانیان هێناوە و ڕەنج بەخەسار بوون،”
باس لەوەش دەكات شەوانە جووتیاران پاسەوانی دەكەن، لەو كاتانەش بەرازەكان دەرناكەون و هەر كاتێكیش جووتیارەكان دەستیان لە پاسەوانی هەڵگرت، ئەوان دەردەكەون و دەست بە قڕكردنی ڕەزو و باخەكان دەكەن .
ڕەوەند ڕەسول موختاری گوندی فەقیان بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند “لەگەڵ لایەنی بەرپرس قسەمان كردووە بۆ ئەوەی چارەسەرێك بۆ دوورخستنەوە بەرازەكان بكرێت، تا لەوە زیاتر جووتیارانی گوندەكە زیانیان بەر نەكەوێت.”
دەشڵێت كە هیچ ساڵێك بە قەد ئەمساڵ بەراز ئەوەندە زۆر نەبووە لە ناوچەكە .
لای خۆشییەوە، ئەمیر خۆشەوی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ئیدارەی سۆران بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند “بەگشتی بەراز زیانی زۆری بە جووتیارانی ئیدارەی سۆران گەیاندووە و بەدوای دۆزینەوەی ڕیگاچارەیەكین بۆ دوورخستنەوەی بەرازەكان لە گوند و ناوچە كشتوكاڵییەكان.”
بەگشتی بەراز لە ناوچەكانی (حەسەن بەگ و باڵەكایەتی و دەڤەری برادۆست و قەزای رواندز) زیانی زۆریان بە ترێ و كاڵەك و بەربوومی كشتوكاڵی جوتیاران گەیاندووە.