زاری كرمانجی-سۆران
د. موحەممەد گەڵاڵەیی، مامۆستا لە زانكۆی سۆران، لە پێناو پاراستنی تەندروستی هاووڵاتییان و گیانەوەران بە گشتی، چەند خاڵێك بۆ پاراستنی ژینگەی شارەكان دەخاتەڕوو، كە بریتین لە:
*داخستنی سەرجەم پاڵاوگە ناقانوونییەکان لە سەرجەم شارەکانی کوردستان بەبێ جیاوازی و سوێند بە خوای گەورە و میھرەبان خەریکە ھەناسە و ژینگەییەکی پاک لە ناو شارە گەورەکاندا نامێنێت.
*دانانی ژمارەی تاک و جووتی ئۆتۆمبێل بۆ ھاتووچۆی خەڵک لە ناوەندی شار و قەزاکان.
*بەکارخستنەوە و نوێکردنەوەی ھێڵەکانی گواستنەوەی گشتیی بە شێوەیەکی سەردەمیانە لە ناوخۆی شارە گەورەکاندا، بۆئەوەی ئۆتۆمبێلی تایبەت کەمتر بەکاربھێنرێت، لە ھەمانکاتیشدا داھاتێکیش بۆ بەکارھێنەرانی ئەم ھێڵە گشتیانە دەگەڕێتەوە و لە کاتژمێر ٥ی بەیانی تا ١٢ی شەو کاربکەن و لە خزمەتی ھاووڵاتییان دابن.
*فەرمانگەکانی دەوڵەت و حکومەت لە سەرجەم شارەکانی کوردستان، فەرمانبەران و مامۆستایان و کارمەندانی تەندروستی و سەربازی بە پاس و مینی پاس ھاتووچۆیان پێ بکەن،(بۆ نموونە زانکۆی سۆران بە پاسی زانکۆ ھاتووچۆ بە فەرمانبەرەکانی دەکات)، قازانجێکی تری ئەمەیە کە داھاتیش بۆ فەرمانبەران دەگەڕێتەوە، ھەروەھا ئەمە لە سەر کەرتی تایبەتیش بسەپێندرێت.
*دروستکردنی پشتێنەی سەوز لە دەوروبەری شارە گەورە و مامناوەند و بچووکەکان، بەتایبەتی پشتێنەی سەوزی ھەولێر کە لە ٢٠٠٥ ەوە گوێبیست بوومە و تا ئێستا نەخراوەتە بواری جێبەجێکردن.
*نەھێشتنی مۆلیدەی کارەبایی لە سەر ھۆتیلی شارەکان، بە تایبەتی لە ھەولێر و دھۆک و سلێمانی و قەزاکان.
*دانان و بەکارھێنانی وزەی خۆر لە سەر بانی ھۆتێل و فەرمانگە حکومییەکان لە جیاتی مۆلیدەی کارەبایی کە بە گازوایل و بەنزین کاردەکەن(ھەر بۆ نموونە زانکۆی سۆران، ٦ مۆلیدەی کارەبایی کوژاندۆتەوە بە یەکجارەکی)، ئەمەش ڕۆڵی دەبێت لە پاکڕاگرتنی ژینگەدا.
*ھاندان و پاڵپشتی حکومەت بۆ بەکارھێنانی وزەی خۆر بە تایبەتی لە ھەڵگرتنی گومرگ لە سەر کاڵا و کەرەستەی تایبەت بە ئامێرەکانی بەرھەمھێنانی وزەی خۆر، بۆ ئەوەی ھەموو خەڵکێک بتوانێ بڕی ١٠ ئەمپێر کارەبا لە ڕێی وزەی خۆری ھەبێت لە جیاتی کارەبای مۆلیدە، چونکە دانان و کڕینی تاقەی شەمسی زۆر گرانە لەم بارودۆخەدا.
*نەھێشتنی مۆلیدەی کارەبا بە شێوەیەکی پلەبەندی لە سەرجەم گەڕەکەکاندا، چاودێری و ڕێنمایی توند و تایبەت لە کاتی پابەندنەبوون بە پارێزگاریکردن لە ژینگەی گەڕەکەکاندا.
*لێخۆشبوونی یەکجارەکی لە قەرزی کەڵەکەبووی کارەبای ھاووڵاتییانی کوردستان، لەڕۆژی ١-٩ی ٢٠٢٤ھەموو ھاووڵاتییەک پارەی کارەبای نیشتمانی بدات، بۆئەوەی کۆمپانیاکانی بەرھەمھێنانی کارەبا ، بەرھەمەکەیان بە پارێزگاکانی دیکەی عێڕاق نەفرۆشن(بۆ ئەوەی ئەم بیانووەیان نەمێنێت)، ئەمەش بە ئامانجی ئەوەی کە کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانی لە مۆلیدە زیاتربن و کەمتر ژینگە پیستتر بێت.
*دروستکردنی پڕۆژەی کارۆئاوی لە سەرجەم گوندەکانی کوردستان بە شێوەیەکی مۆدێرن و بەستنەوەی بە ھێڵی کارەبای نیشتمانی، ھەم گوندەکان کارەبای ٢٤ کاتژمێرییان دەبێت و ھەمیش زیادەکەی دەخرێتەوە سەر ھێڵی کارەبای نیشتمانی.
*سوود وەرگرتن لە بەنداوە تازە و کۆنەکان بۆ زیادکردنی بەرھەمی کارەبا.
*بەزۆرەملێکردن لە ڕووندانی درەختی داری بە بەرھەم و بێ بەرھەمی تەمەن دوو تا سێ ساڵە لە پێش ھەموو ماڵێکی کۆن و تازە دروستکراودا، چونكە ئەگەر نەمامێکی تازە بێت خزمەت ناکرێت و لە ئەنجامدا لە ناودەچێت.
*دانان و دامەزراندنی کارگەی ڕیسایکلین لە سەرجەم شارەکانی کوردستان، کە ھۆکارێکی سەرەکییە بۆ پاکبوونەوە ئاوی ژێر زەوی و پیسنەبوونی خاکی کوردستان.


































































