”كەركووك عێراقێكی بچووككراوەیە، دەبێت لە ڕێگەی سازان و هاوبەشیی پێكهاتە سەرەكییەكانی ئیدارە بدرێت”
زارى کرمانجى-سۆران:
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، ئەوەى لە هۆتێل ڕەشیدی بەغدا لەبارەی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكەوە كراوە، نایاساییە و سەركەوتوو نابێت.
هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەى بەوەکردووە، ئەو كۆبوونەوەیەی لەم دواییانە بەناوی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك كرا لە هۆتێل رەشیدی شاری بەغدا، پاش ئەوەی دوو لە ئەندامانی پێكهاتەی عەرەبی سوننە لە هاوپەیمانیی سیادە و تەقەدوم چوونە پاڵ هاوپەیمانێتییەكەی (یەكێتی و بابلیون)، كارێكە بە شەو ڕێكخراوە و یاسایی نییە و سەركەوتوو نابێت”.
باسى لەوەشکردووە، كەركووك عێراقێكی بچووككراوەیە، فەرمانڕەوایی ناكرێت و ئیدارە نادرێت تەنیا لە ڕێگەی سازان و هاوسەنگی و هاوبەشیی پێكهاتە سەرەكییەكانی نەبێت بە توركمانیشەوە.
جەختیشی لەوە كردووەتەوە ، ئەوەی لە كۆبوونەوەكەدا كراوە، لەەوەی دوو ئەندام چوونەتە پاڵ هاوپەیمانێتییەكەی یەكێتی و بابلیون، ”لەپێناو بڕێك دۆلاری پیس بووە، لەسەر حیسابی بەرژەوەندیی كەركووكییەكان و سەقامگیری و گەشەپێدانی ئەو پارێزگایەی لەسەر دڵی هەموومان ئازیزە”.