مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بەرپرسێكی سەربازی ئێران، تەواوی ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەكاتەوە كە بۆردوومانكردنی هەرێمی كوردستان لە نێو پلانی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بێت.
بەرپرسێكی سەربازی فەرماندەیی سوپای پاسداران كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت، ئەمڕۆ دووشەممە 12ی ئاب، لە بارەی ئەو دەنگۆیانەی میدیاكانی خۆرئاوا بڵاویان كردووەتەوە، لەسەر ئەوەی تاران بەنیازە هێرش بكاتە سەر ئەو ئامانجانەی كە پێ دەچێت ئیسرائیلی بن و لە هەرێمی كوردستان بوونیان هەیە. بە “بەغداد ئەلیەوم” ی ڕاگەیاند “ئەو جۆرە هەواڵانە دوورن لە ڕاستی یەوە،” دەشڵێت “ئەوەی ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی بڵاوی كردووەتەوە، كە مەسعوود پزیشكییان سەرۆك كۆماری ئێران، پێشنیازی ئەوەی كردووە ئەو بنكە و بارەگایانەی، لە كۆماری ئازەربایجان یان لە كوردستانی عێراقن و پەیوەستن بە ئیسرائیلەوە، بكرێنە ئامانج و ئەم وڵاتانە پێش ئەنجامدانی هێرشەكە ئاگادار بكرێنەوە، هەر هەموو ئەو زانیاریانە، زانیاری ساختە و ناڕاستن.”
ئەو بەرپرسە سەربازییەی ئێران ئاشكراشی دەكات “ئۆپەراسیۆنی تیرۆركردنی ئیسماعیل هەنیە سەرۆكی مەكتەبی سیاسی حەماس، بە شێوەیەك ئەنجامدراوە، دوور بووە لە عێراق و هەرێمی كوردستان یان كۆماری ئازەربایجانی دراوسێی ئێرانەوە.