زاری كرمانجی-سۆران:
سەرۆکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، هیچ کەموڕییەکیان لە ئامادەکارییەکانیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نییە و تەنها 24 کاتژمێر دوای تەواوبوونی پرۆسەی دەنگدان، ئەنجامەکان ڕادەگەیەنین.
بەڕێوەچوونی دەنگدانی ئەزموونی دەکرێت
عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە، 12-08-2024، بڕگەیەکی دیکەی خشتەی کارەکانیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان جێبەجێ دەکەن کە “هاوشێوەکردنە” واتا دەنگدانی ئەزموونی کە بریتییە لە پرۆسەی تاقیکردنەوە و پشکنینی ئامێرەکانی هەڵبژاردن.
بە گوتەی عومەر ئەحمەد، ئەمڕۆ تاقیکردنەوە و پشنکنین بۆ ئەم ئامێرانە دەکرێت:
- ئامێری پشتڕاستکردنەوە (التحقق)
- ئامێری ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان (پیکۆس)
- ئامێری ڕەوانەکردنی ئەنجامەکان (ئاڕ تی ئێس)
هەموو ئەم ئامێرانە، وەکو ئەوەی سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق باسی کرد “لە پرۆسەیەکی بچووکی دەنگداندا تاقی دەکرێنەوە هاوشێوەی دەنگدانی گشتی کە 20ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوە دەچێت؛ پرۆسەکەش بۆ دڵنیابوونەیە لە توانا، کارامەیی، سەلامەتیی وردی ئامێر و پرۆگرامەکان و ڕێکارەکانی کۆمیسیۆن بە مەبەستی گەیشتن بە بەرزترین ئاستی خۆ ئامادەکردن بۆ هەردوو دەنگدانی تایبەت و گشتی”.
عومەر ئەحمەد هەر لە بارەی ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دووپاتی کردەوە، ئامێرەکانیان زۆر پێشکەوتوون و “هیچ کەموکوڕییەکانمان نییە و لەوپەڕی ئامادەباشیداین”.
دووبارەنەبوونەوەی کێشەی دەنگدان
کۆمپانیای ئەڵمانی “هانسۆڵت” خاوەنی پرۆگرام و ئامێرەکانی دەنگدانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقە؛ بە گوتەی عومەر ئەحمەد، نوێنەرانی کۆمپانیاکە و نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یونامی)؛ ئامادەی پرۆسەی دەنگدانی ئەزموونی دەبن کە لە هەموو ناوەندەکانی دەنگدان لە هەر چوار پارێزگای هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە دەکرێت.
سەرۆکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دڵنیایی دا لەوەی ئەو کێش و گرفتانەی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە کۆتایی ساڵی ڕابردوو لە کاتی پرۆسەی دەنگدان ڕووبەڕووی دەنگدەران بوونەوە، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕوو نادەنەوە، “چونکە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان پێشتر پرۆسەی ‘هاوشێوەکردن’ واتا دەنگدانی ئەزموونیمان نەکردبوو. بەڵام بۆ ئەم هەڵبژاردنە دەیکەین”.
لەبارەی کاتی ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، لە ماوەی 24 کاتژمێر دوای تەوابوونی پرۆسەی دەنگدان، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ڕادەگەیەنن.
ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان
کۆی گشتیی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان، 100 کورسین؛ 95ـیان گشتین و پێنجیشیان بۆ کۆتا تەرخان کراون. دابەشکارییەکەش بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
دابەشکاریی ژمارەی کورسییە گشتییەکان:
- هەولێر: 32 کورسی
- سلێمانی: 36 کورسی
- دهۆک: 24 کورسی
- هەڵەبجە: سێ کورسی
(کۆی گشتی: 95 کورسی)
دابەشکاریی ژمارەی کورسیی کۆتا:
- هەولێر: دوو کورسی
- سلێمانی: دوو کورسی
- دهۆک: یەک کورسی
- هەڵەبجە: سفر کورسی
(کۆی گشتی: 5 کورسی)
ژمارەی دەنگدەر و وێستگەکانی دەنگدان
کۆی گشتیی ژمارەی دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 878 کەسە؛ لەو ژمارەیە دوو ملیۆن و 683 و 618ـیان دەنگدەری گشتین و 215 هەزار و 960ـیشیان دەنگدەری تایبەتن.
بۆ هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی کوردستان، هەزار و 266 ناوەند و شەش هەزار و 318 بنکەی دەنگدان ئامادە کراون؛ بۆ هەڵبژاردنی تایبەت، کە هێزە ئەمنییەکان دەگرێتەوە، 165 ناوەند و 749 بنکەی دەنگدان لە سنووری هەر چوار پارێزگای هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە ئامادە کراون.