زارى کرمانجى-ڕواندز:
لە سنوورى زۆربەى قەزاو ناحیەکانى ئیدارەى سۆران، هیچ دەرچووێکى زانکۆو پەیمانگە، کە دانەمەزراون، ناویان بۆسەر سندوقەکانى دەنگدان نەگەڕاوەتەوە.
وەلید محەممەد، بەڕێوەبەرى بنکەى کۆمیسۆنى هەڵبژاردنەکانى ڕواندز لەمبارەیەوە بە زارى کرمانجى ڕاگەیاند: ” لە سنوورى قەزاى ڕواندز ٢٧٥ کەس وەک کارمەندى سەر سندوق ناویان گەڕاوەتەوە، لەوانە ناوى هیچ دەرچووێکى زانکۆو پەیمانگەى تێدا نییە، کە دانەمەزراون، تەنیا ئەوانەى مووچەخۆرن و فەرمانبەرى حکومەتن ناویان گەڕاوەتەوە”.
گووتیشى: ” گەڕانەوەى ناوەکان پەیوەندى بە کۆمیسۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراقەوە هەیە، بەبۆچوونى ئێمە هۆکارەکەى بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ئەوانەوى مووچەخۆرن کەمتر پارەیان پێ دەدرێت”.
ئەوەشى روونکردەوە، لە سنوورى قەزاى ڕواندز١٣٠٠ مامۆستا، فەرمانبەر، قوتابى و دەرچووى زانکۆو پەیمانگە، داواکاریان پێشکەش کردبوو، بۆ ئەوەى لە ڕۆژى دەنگدان، ببن بە کارمەندى سەر سندوقەکان.
لاى خۆیەوە، محەممەد شاکر، بەڕێوەبەرى بنکەى کۆمیسۆنى هەڵبژاردنى سۆران بە زارى کرمانجى ڕاگەیاند: ” لە سنوورى بنکەى هەڵبژاردنى سۆران، زیاتر لە ١٥٠٠ کەس بۆ کارمەندى سەر سندوقى دەنگدان داواکاریان پێشکەش کردبوو، لەوانە زیاتر لە ( ٥٥٠ ) کەس ناویان گەڕاوەتەوە”.
ئاماژەى بەوەشکرد، ئەوانەى ناویان گەڕاوەتەوە مووچەخۆرن و فەرمانبەرى حکومەتن، هیچ دەرچووێکى زانکۆو پەیمانگە کە دانەمەزراون، ناویان نەگەڕاوەتەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەبووە ئەگەر لە شوێنیک ڕێژەى فەرمانبەران تەواو نەبێت بۆ سەر سندوقەکان دەنگدان، ئەوکات دەرچووانى زانکۆو پەیمانگە دابنرێن.
باسى لەوەشکرد، دەبوایە پێشتر لەلایەن کۆمیسۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عیراق، رێنمایى تایبەت دەرچووبا و ئاگادارکرابانەوە، بۆ ئەوەى دەرچووانى زانکۆو پەیمانگە، داواکارى پێشکەش نەکەن و پشتگیرى نەهێنن.
بەپێى زانیارییەکانى زارى کرمانجى، لە سنوورى ئیدارەى سەربەخۆى سۆران، لە زۆربەى قەزاو ناحیەکان، دەرچووانى زانکۆو پەیمانگە ناویان بۆ سەر سندوقەکانى دەنگدان نەگەڕاوەتەوە.