زاری كرمانجی – دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، جارێكی دیكە داعش لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، سەری هەڵداوەتەوە و بووەتە مەترسییەكی جددی بۆ سەر خەڵكی ئەو ناوچانە، بەردەوام كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن، هێزە عێراقییەكانیش توانای پاراستنی ئەو ناوچانەیان نییە.
داعش سوودی لەو ناوچە چۆڵانە بینیوە كە كەوتوونەتە نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكانەوە، زانیارییە سەربازییەكان ئەوە ئاشكرا دەكەن، تا دێت چەكدارە جێماوەكانی داعش خۆیان رێكدەخەنەوە، بۆ ئەوەی لە تێكچوونی زیاتری دۆخی سیاسی و سەربازیی عێراق دەستی خۆیان زیاتر بوەشێنن.
پێشتر لیوا بەهرام عەریف یاسین، فەرماندەیی فەرماندەیی هەڵگورد، بە زاری كرمانجی گووت بوو، سەرەكی ترین هۆكاری دەرفەت وەرگرتنی داعش بۆ ئەنجامدانی هێرشە تیرۆرستییەكانی دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر، بۆشایی ئەمنی لە كەركووك و شنگال و هەندێك ناوچەی دیكە سەری هەڵدا”.
فەرماندەی فەرماندەیی هەڵگورد، ئەوەشی خستەڕوو” ئەگەر هەماهەنگییەك هەبێت و رێگە بە هێزەكانی پێشمەرگە بدرێت، هەروەك 2017 كە لە سنووری شنگال تاكو مەخموور، لە هەموو شوێنەكان تیرۆریستانی داعشیان تێكشكاند و باشترین ئەمنیەت و ئاسایشیان بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم دابین كرد، ئێستاش هێزی پێشمەرگەی كوردستان، بەهەمان شێوە ئەم توانایەی هەیە پارێزگاری لەم ناوچانە بكات، بەڵام بەداخەوە حكوومەتی ناوەندی و لایەنی ئەمنی ئەو وڵاتە رێگربوونە لەوەی كە هێزی پێشمەرگە جارێكی دیكە بگەڕێتەوە ئەم ناوچانە و ئەمنیەت و ئاسایشی ئەم شوێنانە بپارێزێت”.