” نابێت مووچەى کرێکارى ناکارامە لە ٣٥٠ هەزار دینار کەمتر بێت”
“ئەوەی پابەند نەبێت، لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەكرێت و رووبەڕووی دادگا دەكرێتەوە.”
زارى کرمانجى-سۆران:
لەبارەی مووچەی كرێكارانی ناكارامە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیارێك دەدات، نابێت مووچەکانیان لە ٣٥٠ هەزار دینار کەمتر بێت.
بەپێی نوسراوێكی وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی، كە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران نێردراوەو ئاماژە بە سەرپێچیی هەندێك كۆمپانیا كراوە لە پێدانی مووچەی كرێكاران و ئاماژە بەوەکراوە “بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، پێویستە مووچەی كرێكاری ناكارامە لە 350 هەزار دینار كەمتر نەبێـت، بەڵام لە هەندێك گرێبەستی كۆمپانیاكان، كە لەگەڵ وەزارەتەكان هەیانە، كەمتر دەنووسن.”
باس لەوەشکراوە، “هەندێك كۆمپانیا 350 هەزار دینار دەنووسن، بەڵام دواتر بڕێكیان لێ دەگێڕدرێتەوەو پارەی 17%ی دەستەبەری كۆمەڵایەتی لە كرێكار دەبڕنن، هەروەها هەندێك كۆمپانیا بە یەك مووچە، دوو شەفت كار بە كرێكاران دەكەن.”
لە نووسراوەكەدا زیاتر روونکراوەتەوە، دەبێت وەزارەتەكان لە كاتی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیاكان، كەمترین مووچەی كرێكاری ناكارامە بە 350 هەزار دینار بكەن.
ئەنجوومەنی وەزیران بە نوسراوێك، كە لەكۆتایی مانگی ئایاری 2024 دەریكردووە، هەموو وەزارەت و فەرمانگەكانی پابەند كردووە، كە دەبێت گرێبەستەكانیان لەگەڵ كۆمپانیاكان لەسەر بنەمای 350 هەزار دینار بۆ كرێكاری ناكارامە بێت.
کرێکاری ناکارامە ئەو کرێکارانە دەگرێتەوە، کە هیچ پسپۆڕی و بڕوانامەیەکیان نییە و یەکەم جاریانە کارێک دەکەن، ئەو کرێکارانە ناگرێتەوە، کە کە شارەزایی و پسپۆڕیی تایبەت و کاری قورسی وەک بیناسازی و ئەوانی دیكە دەکەن.
































































