مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی:
دوای گلەیی هاووڵاتییانی گوندی گەرەوانی خواروو، لە بوونی سەرپێچی لەسەر تۆڕی ئاوی خواردنەوەیان، تۆڕەكە فراوانتر كرا و سەرپێچییەكانیش لادران.
هۆگر مەلا ئەحمەد بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی ڕواندز بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند “دوای ئەوەی لەلایەن هاووڵاتییان و موختاری گوندی گەرەوانی خواروو، ئاگادار كراینەوە بە بوونی چەند سەرپێچییەك لەسەر تۆڕی ئاوی خواردنەوەی گوندەكەیان، كە وایكردبوو وەك پێویست ئاو نەگاتە ناو خەزانی سەرەكی، دوای بەدواداچوون دەركەوت شەش سەرپێچی كراوەتە سەر بۆڕی سەرەكی، بۆیە سەرپێچییەكانمان لابرد،”
هەروەها بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی ڕواندز دەشڵێت “لەگەڵ ئەوەشدا، لەسەر پێشینەی مانگانەی فەرمانگەكەمان و تیمەكانمان هەستاین بە فراوانكردنی تۆڕی ئاوی خواردنەوە بە درێژی٣٠٠مەتر بە بۆڕی پۆلی ئەسیلین ٧٥ ملم ی ١٦ باڕ، بەمەش كێشەی كەم ئاوی گوندەكە چارەسەر كرا.”