شەهلا ڕەشید- زاری كرمانجی
پزیشكێكی پسپۆڕ، دەڵێت” ماسكی برنج بۆ ڕووخسار، تایبەتمەندی زۆری هەیە، لەوانەش دژە هەوكردنە، یارمەتیدەرە بۆ كونیلەكان، چارەسەرە بۆ زیپكە و پێست نەرم و گەشاوە دەكات، هەروەها وەك تۆنەرێكی سروشتی دەتوانن بەكاری بهێنن.
د. بەدر سورچی، پزیشكی پسپۆڕی گیادەرمان و مامۆستای زانكۆ، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند” ماسكی برنج، تایبەتمەندی زۆری هەیە بۆ دەموچاو، پێست سپی دەكات و چەوری زیادە ناهێلێت و لە تیشكی خۆریش دەیپارێزێت، بەڵام پێویستە چۆنیەتی بەكارهێنان و ئامادەكردنیشی بزانن، كە لە خوارەوە ئاماژەیان پێدەكەین.
-كوپێك برنجی كوردی یاخود بریكاری خۆراك، بشۆرەوە دواتر بخەرە ناو دەفرێكەوە و دوو كوپ ئاو بخەرە ناوی بۆ ماوە 24 كاتژمێر، یاخود ئاوی برنجەكە بۆ ماوەی 15 خولەك بكوڵێنە بۆ ئەوەی هەمان ئەنجام بەدەست بهێنیت، دواتر كەوچكێك هەنگوین و شیر جوان لەگەڵی تێكەڵ بكە دەتوانیت وەك كرێم بیدەی لە ڕووخسارت بۆ ماوەی نیو كاتژمێر دواتر بە ئاوی شلەتین بیشۆ.
ئەم پزیشكە، ئاشكراشیكرد” دوو تا سێ جار لە هەفتە دەتوانی ماسكی برنج بەكاربهێنی، یاخود جگە لە ماسكەكە دەتوانی بە فلچەیەك یان پەمۆ پێستی دەموچاوت بە ئاوی برنج خاوێن بكەیەوە، هەردوو ڕیگا هۆكارن بۆ سپیكردنەوە و خاوێن كردنەوەی پێستی ڕووخسار، هەروەها چەوری زیادە ناهێلێت و دەموچاوت لە تیشكی خۆر دەپارێزێت.