مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕاگەیاند “ئەمڕۆ شەممە 10ی ئابی 2024، تیروپشك بۆ پێدانی ژمارە بە حزب و هاوپەیمانیی و بەربژێرە سەربەخۆكان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت.”
تیروپشكەكە هەر وەكوو كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاماژەی بۆ كردووە، كاتژمێر 10:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە هەولێر بە ئامادەبوونی نوێنەرانی هاوپەیمانێتی، پارت و كاندیدەكان بەڕێوە دەچێت .
بە گوێڕەی ڕاگەیەندراوێكی كۆمیسیۆن، ئەمڕۆ تەنیا ژمارە دەداتە ئەو حزب و هاوپەیمانی و بەربژێرانەی كە لەدوای بڕیاری سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بۆ دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن لە 20ی تشرینی یەكەم خۆیان تۆمار كردووە، هەموو ئەوانەی كە لە 8 ی نیسان ژمارەیان پێدراوە، بە هەمان ژمارە بەشداری لە هەڵبژاردنەكان دەكەن.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، لە ڕۆژی 20-10-2024، بە سەرپەرشتیی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەڕێوە دەچێت.