مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بەرگریی شارستانیی غەززە ڕاگەیاند ئیسرائیل بە مووشەك قوتابخانەیەكی نیشتەجێ بوونی ئاوارەكانی لە غەززە كردە ئامانج و نزیكەی 100 كەس كوژراون و ئیسرائیل یش دەڵێ “هێرشمان كردووەتە سەر ناوەندێكی حەماس.”
مەحموود بەسال، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی غەززە ڕاگەیاند “ئەمڕۆ شەممە 10ی ئاب، ئیسرائیل بە مووشەك هێرشی كردە سەر قوتابخانەیەك كە ئاوارەی تێدا نیشتەجێ بوونە و نزیكەی 100 كەس كوژراوە و زیاتر لە 45 برینداریش هەیە.”
جیهادی ئیسلامیی فەلەستینی لە ڕاگەیاندراوێكدا هێرشەكەی بە”كۆمەڵكوژیی نوێژی بەیانی” ناو بردووە و دەڵێت “ئیسرائیل لە كاتی نوێژی بەیانیدا هێرشەكەی كردووە و كۆمەڵكوژییەكی تری ئەنجام داوە.”
لای خۆشییەوە ئیسرائیل لەسەر مووشەكبارانكردنی قوتابخانەكە دەڵێ “قوتابخانەی تابعین ی گەڕەكی دەراجمان بۆردوومان كرد كە ببووە ناوەندێكی فەرمان و كۆنترۆڵی حەماس.” دەشڵێت “چەندین هەنگاومان گرتە بەر تا مەترسیی سەر ژیانی سڤیلەكان كەم بكەینەوە.”
لە ئامارێكی نەتەوە یەكگرتووەكان، لە ماوەی جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس، 477 قوتابخانە لە كەرتی غەززە بە هۆی هێرشیان كراوەتە سەر و زیانی زۆرییان بەركەوتووە.