دواى ٣٦ ساڵ هێشتا ئاسەوارو کاریگەرییەکانى ئەو جەنگە ماوەتەوە
ئا: بەختیار سەباح -زارى کرمانجى:
لە ڕۆژێکى وەک ئەمڕۆ دواى ٣٦ ساڵ، لە ٨ى ئابى ١٩٨٨، جەنگى نێوان عێراق و ئێران ڕاگیرا، بەڵام هێشتا ئاسەوارو کاریگەرییەکانى ئەو جەنگە بەسەر کۆمەڵگە، خاک، ژینگەو لایەنى ئابوورى ئەو دوو وڵاتە ماوە.
شەڕی ئێران و عێراقشەڕێکی چەکداری بوو، لە نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و عێراقی بەعس ، کە بۆ ماوەی ٨ ساڵ لە ئەیلوولی ١٩٨٠ ھەتا ئابی ١٩٨٨ بەردەوام بوو.
ئەم شەڕە سەرەتا بە ھێڕشی رژێمى بەعس لە عێراق، بۆسەر ئێران دەستی پێکرد. لەو کاتەدا شۆڕشی ئیسلامیی ئێران تازە سەرکەوتبوو، دۆخی ئێران زۆر شێواو و ئاڵۆز بوو. لە لایەکی دیکەوە عێراق لە دۆخێکی باشدا بوو، باری ئابووری لە گەشەکردندا بوو.
رژێمى بەعسى ڕووخاو، کە ئەو کاتە لە عێراق دەسەڵاتى بەدەستەوە بوو، دەیویست ببێتە وڵاتی یەکەمی ناوچەکەو پەرە بداتە دەسەڵاتی خۆی و سنوورەکانى فراوان بکات. لە لایەکی دیکەوە ئێران ئینقلابێکی ئیدێۆلۆژیکی کردبوو و دەیویست ئەم شۆڕشە پەرە بداتە سەر وڵاتانی دەوروبەری خۆی بە تایبەت عێراق.
نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆتاییھێنان بەم شەڕە لە ساڵی ١٩٨٧ دا بڕیارنامەی ژمارە ٥٩٨ی دەرکرد. بەڵام ئەم بڕیارنامەی ھەتا ساڵی ١٩٨٨ نەھاتە کایەوە. لە دوای سوڵح، ئێران و عێراق گەڕانەوە بۆ سەر سنوورە پێشووەکانیان کە بەپێی ڕێکەوتننامەی جەزائیر لە ساڵی ١٩٧٥ دیاری کرا بوو.
لە ساڵی ٢٠٠٣ دواین سەربازانی بە دیل گراوی دوو لایەنی شەڕەکە پێکەوە ئاڵوگۆڕ کران.
شەڕى ئێران و عێراق، بە یەکێک لە درێژترین جەنگەکانی سەدەی بیستەم دادەنرێت دوای جەنگی ڤێتنام، لە ئەنجامدا یەك ملیۆن مرۆڤ له ههردوولا بوونە قوربانی، دووهێندەش برینداربوون، لەڕووی داراییشەوە زیانەکانی گەیشتە 400 ملیار دۆلار.