مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
شلێر ڕەسووڵی، ژنێكی تەمەن ٣٦ ساڵ، خەڵكی شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، بۆ بەرگریكردن لە هەوڵی دەستدرێژی سێكسی لەلایەن یەكێك لە دراوسێكانییەوە، لە پەنجەرەی نهۆمی دووەمەوە خۆی فڕێ دایە خوارەوە و كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
ڕۆژی 8ی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو، گۆران قادری دانیشتووی شاری مەریوان، بە بیانووی نەخۆشیی هاوسەرە دووگیانەكەی، داوای یارمەتی لە شلێر ڕەسووڵی تەمەن 36 ساڵ كرد و بردییە ماڵەكەی خۆی، دوای ئەوەی شلێر زانی كە ماڵەكە چۆڵە و مەبەستی خراپە، لە پەنجەرەی نهۆمی دووەمەوە خۆی فڕێدا خوارەوە و بە سەختی بریندار بوو، دوای چەند ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
خۆكوشتنی شلێر ڕەسووڵی، دایكی دوو منداڵ، كاردانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا، ئەو كات چالاكوانانی ژن لە بەردەم دادگای مەریوان كۆبوونەوە و داوای سزادانی تۆمەتبار و دانانی یاسایەكی تایبەت بە پاراستنی ژنانیان كرد.
دوای زیاتر لە ساڵێك تێپەڕبوون بە سەر ڕووداوی خۆكوشتنی شلێر، دوو هەفتە بەر لە ئێستا تێپەڕاندنی قۆناخە یاسایییەكانی دۆسیەی ئەو پرسە لە دادگا یەكلا كرایەوە و سزای لەسێدارەدران بۆ بكوژەكەی شلێر ڕەسووڵی لە لقی دادگای سزادانی پارێزگای كوردستان بە تۆمەتی كوشتنی بە ئەنقەست، 3 تۆمەتی دیكەی ( ڕفاندن و بەكارهێنانی هێز بە چەقۆ، هەوڵدان بۆ دەستدرێژی كردن) دەركرا، كە ئەو سزایە لە كۆتاییدا لە دادگای پێداچوونەوەش پشت ڕاست كرایەوە.