مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بەرگدروویەك بە ئوتوو پشتی سێ مێردمنداڵ دەسووتێنێت كە لە دووكانەكەدا بەردەستیان بۆ كردووە، باوكی یەكێك لەو منداڵانە دەڵێ “ڕاپۆرتی پزیشكی داد دوا كەوت، بۆیە بڕیارماندا ڕووداوەكە ئاشكرا بكەین.”
هەژدە ڕۆژ بەر لە ئێستا، لە شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، سێ مێردمنداڵی تەمەن 12 ساڵان بە ناوەكانی (نەهرۆ خالیدی، مانی دانش و ڕێبین قادری) كە بە مەبەستی سوود وەرگرتن لە پشووی هاوین و فێربوونی پیشەی بەرگدرووی، لای یەكێك لە بەرگدرووەكانی شارەكە كاریان كردووە، بەڵام دواتر خاوەن كارەكەیان بە بیانووی تەمبێ كردن پشتی هەر سێیان بە ئوتوو دەسووتێنێت.
نەهرۆ لەسەر ڕووداوەكە قسەی بۆ میدیاكان كردووە و دەڵێ “قوتابی پۆلی شەشم و ٢٠ ڕۆژ بەردەستی ئەم وەستایە بووم، حەزم دەكرد بۆ داهاتووی خۆم پیشەیەك فێر ببم و لە داهاتوودا هاوكاری باوكم بكەم كە بە مەبەستی كرێكاری ڕووی لە كوردستانی عێراق كردووە،”
نەهرۆ بەو شێوەیە چۆنیەتی ڕووداوەكە دەگێڕێتەوە و دەڵێ “هاوڕێكەم ڕێبین قادری تۆپێك قوماش لە دەستی بەربووەوە، هەڵی گرتەوە و لەكاتی هەڵگرتنەوەدا پشتی وە بەر میزی وەستاكەمان كەوت و ئەویش تووڕە بوو و گووتی وەرن كارم پێتانە، چ هەڵسوكەوتێكتان لەگەڵ بكەم باشە ؟ گوتمان بە دار لێمان بدە، بەڵام ئەو ڕازی نەبوو گووتی ئەمجارە دەتانسووتێنم، سەرەتا پشتی هاوڕێكەم مانی دانش، پاشان ڕێبین قادری و دواتر خۆمی سووتاند، بەرگەم نەگرت ئەوەندە داخ بوو كە لە ژێر چنگی هەڵهاتین.”
خالید ساڵح، باوكی نەهرۆ دەڵێ “هەر دوای ڕووداوەكە سكاڵامان تۆمار كرد و بەرگدرووەكە كە ناوی ئەمیر كەیوانە 48 كاتژمێر دەستبەسەركراو دواتر ئازاد كرا تاوەكوو ئامادەبوونی ڕاپۆرتی داد پزیشكی و دادگاییكردنی، ئامادەكردنی ڕاپۆرتەكە زۆری پێچوو بۆیە ڕووداوەكەمان ئاشكرا كرد، تا تۆمەتبار سزای ئەو كارە وەربگرێت كە لەگەڵ منداڵەكانی ئێمە كردوویەتی.”