شەهلا ڕەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هەناو، دەڵێت” زۆر كەس بە هەڵە لە بەكارهێنانی پەمپ یاخود بەخاخ تێدەگەن و وا بیر دەكەنەوە بەكارهێنانیان تووشی ئاڵوودەبوونیان دەكەن، ئەمەش دوورە لە ڕاستی و هیچ بنەمایەكی زانستی نییە.
د. زانا دزەیی، پزیشكی پسپۆڕی هەناو، كۆئەندامی هەناسە و سییەكان، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند” بەكارهێنانی پەمپ یان بەخاخ، هیچ زیانێكی نییە و بە پێچەوانەوە چارەسەری سەرەكیی نەخۆشی درێژخایەنی وەك ڕەبۆیە، بەڵام دەبێ لە ژێر چاودێری پزیشك بێت، تەنانەت دوای كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشییەكەش پێویستە بەكاری بهێنن چونكە دەرمانێكی درێژخایەنە، كاریگەرییە باشەكانی زیاتر ئەو كاتە دەردەكەوێت كەسی تووشبوو لەكاتی كۆنتڕۆڵبوونی نەخۆشییەكەی بەشێوەیەكی ڕێك بەكاری دەهێنێت، واتا كاتێك هیچ نیشانەیەكی ئەوتۆی نییە، بەڵام چەندێتیی و چۆنیەتییەكەی بەپێی قۆناغی نەخۆشییەكە دەگۆڕێت و پزیشك دیاری دەكات.
ئەم پزیشكە پسپۆڕە، ئاشكراشیكرد” خواردنی هیچ حەب و دەرمانێك وەكو بەكارهێنانی بەخاخ باوەڕپێكراو و بەسوود نییە، چونكە لەچاو دەرمانەكانی دیكەی ڕەبۆ كەمترین ڕێژەی ستیڕۆید(كۆرتیزۆن)ی تێدایە ڕێژەكەی 40 جار كەمترە لە حەبێكی ستیڕۆید.
د. زانا دزەیی، گووتیشی” زۆرێك لە دایكان تێگەیشتنی هەڵەیان هەیە لەبەكارهێنانی بەخاخ و وا بیر دەكەنەوە ئەو منداڵانەی تووشبووی نەخۆشی ڕەبۆن، ئەگەر بەخاخ بەكاربهێنن ئەوا كاریگەری لەسەر گەشەكردنیان دروست دەكات، ئەمە تێگەیشتنێكی زۆر هەڵەیە، چونكە ئەو جۆرە ستیڕۆیدەی لە بەخاخ هەیە ڕێژەكەی زۆر كەمە و بەشێكی كەمیشی دەچێتە دەرەوەی سییەكان و جۆرەكەشی جیاوازە لەو ستیڕۆیدەی گەشە دوا دەخات، بە پێچەوانەوە لێكۆڵینەوە پزیشكییەكان ئەوەیان سەلماندووە منداڵی تووشبوو ئەگەر ڕەبۆیەكەی كۆنتڕۆڵ نەبێت، ئەوا گرفتی دواكەوتنی گەشەی زیاترە.
































































