مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم لە كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ جووتیاران، ڕایدەگەیەنێت “لە پێناو چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانی بەبازاڕكردنی بەروبوومی خۆماڵی، گفتوگۆ لەگەڵ وەزیری كشتوكاڵی حكومەتی فیدراڵ دەكەین بۆ قەدەخەكردنی هاوردەكردنی چەند بەرهەمێكی كشتوكاڵی.”
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم ڕاگەیاند “ئێستا بەرهەمە ناوخۆیییەكانی وەك شووتی، كاڵەك، خەیار، پیاز پێگەیشتووە، بۆیە بڕیارماندا گفتوگۆ لەگەڵ وەزیری كشتوكاڵی حكومەتی فیدراڵدا بكەین بۆ داخستنەوەی مەرزەكانی عێراق و قەدەخەكردنی هاوردەكردنی ئەو بەرهەمانەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا بۆ ئەوەی بەروبوومە كشتوكاڵییەكانی جووتیارانی هەرێمی كوردستان بە بازاڕ بكرێت.”
دەشڵێت “لە چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوكاری هاوبەشی نێوان هەر دوو وەزارەت، كار دەكەین بۆ ئهوهى جووتیارانی هەرێمی كوردستان زەرەرمەند نەبن.”


































































