ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویکردەوە” بەرەبەیانی ئەمڕۆ ڕەزا ڕەسایی بەندکراوی سیاسی کوردی تەمەن (٣٤) ساڵ کە خەڵکی شاری سەحنە سەر بە پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەشێوەیەکی بەنهێنی و بێ ئاگاداربوونی بنەماڵەکەی لە بەندیخانەی ناوەندی کرماشان لە سێدارەدرا”.
بە گووتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار کە بە ڕێکخراوی هەنگاوی ڕاگەیاندووە” ناوەندە ئەمنییەکان بەیانی ئەمڕۆ بنەماڵەی ڕەساییان ئاگادار کردووەتەوە کە کوڕەکەیان لەسیدارە داوە و هۆشدارییان پێیانداوە کە مافی ئەوەیان نییە تەرمی کوڕەکەیان لە زێدی خۆی واتە شاری سەحنە ئەسپەردە بکەن”.
ئەوەشی خستەڕوو، ڕەزا ڕەسایی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن لقی دووی دادگای تاوانەکانی یەکی پارێزگای کرماشان بە تۆمەتی کوشتنی نادر بەیرامی، سەرۆکی سوپای پاسدارانی شاری سەحنە، سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.